کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکان: پێویستە رۆژنامەنووسان ئارامی و ئاسایشی وڵات لەسەرووی ھەموو شتێک بزانن

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە KDP.infoراگەیاند: لەم چەند رۆژەی دواییەدا ئاماری پێشلکاری لە دژی رۆژنامەنووسان راگەیەندرا کە بەداخەوە بە پێی ئامارەکان رێژەی توندوتیژی و پێشلکاری دژی رۆژنامەنووسان لە شەش مانگی رابردوو زیادی کردووە و نیگەرانین لەکاتێکدا ھەنگاو دەنێنین بۆ ئەوەی ببینە نموونەی دیموکراسی و ئازادی لە ناوچەکە، رێژەی توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان لە وڵاتی ئێمە زیادی کردووە.
رسول سالح رسول گووتیشی: ئێمە وەک کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکان دڵگرانین و نیگەرانی خۆمان لە زیادبوونی ئەم رێژەیە دەخەینەڕوو و ھاوخەمی و ھاودەردی خۆمان بۆ گشت ھاوڕێ رۆژنامەنووسانمان دەردەبڕین کە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان دووپاتیشی کردووە: بە داخەوە لە ھەرێمی کوردستان رۆشنبیری پەیوەندییە گشتییەکانی لە ئاستی پێویست نییە و لایەنەکانی پەیوەنددار نازانن چۆن ھەڵسوکەوت لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکەن، پێویستە ھەموو لایەک فێری ئەوە بن کە ئەرکی رۆژنامەنووس گەیاندنی راستییەکانە بە ھاووڵاتیان و شەرمەزارییە بۆ ئێمە لەسەردەمی جیھانگیری و تەکنەلۆژیای زانیاری بە شێوازێکی ناشایستە ھەڵسوکەوت لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکرێت و رێگربین لە پێدانی زانیاری.
رەسول رونیشیکردەوە، لەگەڵ ئەوەش دەبێت رۆژنامەنووسان خۆیان بە سەربازانی ئاوەدانی و پێشخستنی وڵات بزانن و ھاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی زانستی پەیوەندییە گشتییەکان و شەفافییەت و نەبنە ھۆکاری ھەڵچوون و دەبێت ئارامی و ئاسایشی وڵات لەسەرووی ھەموو شتێک بزانن.
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان، یەکێک لە ھۆکارەکانی دامەزراندنی کۆمەڵەکە ئاشناکردنی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بە چۆنیەتی ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان و پێویستی پێدانی زانیاریی وداتا و بەدیھێنانی وڵاتێکی شەفاف و ئازادە.




