ئەشواق جاف: بەغداد بەنەدانی مووچە دەیەوێ رەوشی هەرێم ئاڵۆز بكا

بەغدا-KDP.info/ نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: حكوومەتی عێراق مووچەی هەموو پارێزگاكانی دیكەی ناردووە جگە لەهەرێم بۆ ئەوەی لەو رێیەوە رەوشی هەرێم ئاڵۆز بكات.
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بەKDP.infoی راگەیاند: بەغداد مووچەی هەموو پارێزگاكانی عێراقی ناردووە تەنیا هەرێمی كوردستان نەبێ بەبیانووی پێداچوونەوە، كەدەیەوێ رەوشی هەرێم ئاڵۆز بكات.
ئەوەشی گوت: بیانووەكەی بەغداد بۆ نەناردنی مووچەی هەرێم زۆر بێبنەمایە بەو بیانووەی ئەمە دۆسیەی نەوت و گومرك نییە تا بەدواداچوونی بۆ بكەن و وردبینی بۆ مووچەی هەرێم بكرێ بەڵكو بیانووە بۆ تێكدانی رەوشی ئارامی هەرێمی كوردستان.
باسی لەوەش كرد، نارنی مووچەی فەرمانبەرانی هەموو پارێزگاكانی عێراق بەبێ جیاوازی هیچ مەنەتێكی تێدا نییە لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە چونكە ئەوە مافێكی سروشتی خۆیانە و ناكرێ یاری بەباری ئابووری خێزان و تاكی ئەم وڵاتەوە بكرێ.
رونیشیكردەوە، نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بیانوویەكی سیاسییە لەبری ئەوەی بیانوویەكی یاسایی و كارگێڕی بێ بەو پێیەی كەحكوومەتی ناوەندی شكستی هێناوە لەدۆسیەكانی ئەمنی و خزمەتگوزاری لەعێراقدا دەیانەوێ ئەو شكستەی خۆیان بشارنەوە بەدروست كردنی نارەزایەتی فەرمانبەرانی هەرێم بەنەناردنی مووچەكانیان لەناوەندەوە بۆهەرێم تاوەكو فەرمانبەران لەحكوومەتی هەرێم نیگەران بكەن.
جەختی لەوە كردەوە، ئەمڕۆ چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكەین لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەگەر بڕیارەكەیان ئەرێنی نەبوو ئەوا پەرلەمانتارانی كورد لەبەغداد هەڵوێستی یاساییمان دەبێ بەرامبەر بەو هەنگاوەی ناوەند دژ بەهەرێم، ناكرێ پەرلەمانتارە كوردەكان مووچەكانیان وەربگرن و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بێ مووچە بن.




