ئەردۆغان: مەبەستمان سانسۆر كردنی ئینتێڕنێت نییە بەڵكو ئازاد كردنی ئینتێڕنێتە

ئیستەنبۆڵ-KDP.info/ سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی پرۆژە یاسای ئینتێڕنێتەوە كە روانەی پەرلەمانی توركیا كراوە گوتی: بەو پرۆژە یاسایە ئینتێڕنێت سانسۆر ناكرێ، بە پێچەوانەوە لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا خەڵك زیاتر لە ئینتێڕنێت سوودمەند دەبێ.
بە پێ هەواڵێكی كەناڵی تیڤی 24 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی رێوەڕەسمی كردنەوەی بە كۆمەڵی چەند پرۆژەیەك لە ئیستەنبۆڵ گوتی: بەو پرۆژە یاسایە كە روانەی پەرلەمانی كراوە، سانسۆر و قەدەغەكاری لە سەر ئینتێڕنێت پەیڕەو ناكرێ بەڵكو دەخرێتە ژێر كۆنترۆڵەوە. ئەگەر وا نەكەین ئەوا بێ ئەخلاقی و دزی بەردەوام دەبێ، هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن و تەشهیر كردنی خەڵك بەردەوام دەبێ، ئەو یاسایە نابێتە هۆی سانسۆر كردنی ئینتێڕنێت بە پێچەوانەوە ئینتێڕنێت دەكرێتە سەرچاوەیەكی متمانە پێكراو.
ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین كە توركیا لە وڵاتی كاسێت، تۆماری دەنگ و كارە نائاساییەكان رزگار بكەین، بە تایبەتی دەمانەوێ دەستوەردانی كردن لە سیاسەتی توركیا بە تایبەتی لە رێگای كاسێت و تۆمارەكانەوە بە كۆتایی بهێنین، سەندوق و ئیرادەی نەتەوەیی بەهێزتر بكەین.




