حکومه‌تی عێراق له هه‌وڵه‌کانی بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌ناو سوپای عێراق به‌رده‌وامه

وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق جارێکی دیکه ژماره‌ی سه‌ربازی عه‌ره‌ب زیاد ده‌کات و سه‌ربازانی کوردیش له ریزه‌کانی سوپا که‌م ده‌کاته‌وه بۆ لاواز کردن و که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌نێو ریزه‌کانی سوپای عێراقی له ناوچه دابڕێندراوه‌کان.
به‌پێی نووسراوی فه‌رمیی ژماره 1/ 7/ 5013 ژماره‌یه‌ک سه‌ربازی کورد بۆ خوارووی عێراق ده‌گوازێته‌وه و له هه‌مان کاتدا له جیاتی ئه‌وان سه‌ربازی عه‌ره‌ب له شوێنیان جێگر ده‌کات.
سه‌باره‌ت به‌مه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ناو سوپای عێراق که نه‌یویست ناوی ئاشکرا بکات، گوتی: به‌پێ نووسراوێکی وه‌زاره‌تی به‌رگری سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌رکان له هێزه‌کانی سوپا له فه‌رمانده‌یی پیاده که ئاراسته‌ی فرقه‌ی 12سوپای عێراقی له که‌رکوک کراوه، بریاره 50سه‌ربازی کورد له‌نێو فرۆکه‌خانه‌ی که‌رکوک بگوازرێنه‌وه بۆ باشووری عێراق و له هه‌مان کاتدا 50سه‌ربازی عه‌ره‌بی بۆ شوینی ئه‌وان هێناوه.
سه‌رچاوه‌که گوتی: ئه‌و نووسراوه که له ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌ممووز ده‌رچووه ئێستا که‌وتۆته بواری جێ‌به‌جێ کردنه‌وه و به‌شێک له کورده‌کان گواستراونه‌ته‌وه و به‌شێکیان ماون به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا مایه‌ی سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه بۆچی ده‌بێت ئه‌و 50سه‌ربازه هه‌موویان کورد بن و ئه‌وانه‌ی که دێنه شوێنه‌کانیان هه‌مووی عه‌ره‌بن؟ ئه‌مه خۆی له خۆیدا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نیت که ئه‌مه مه‌به‌ستێکی سیاسیی له پشته‌وه‌یه بۆ مه‌ڕامێک تایبه‌تی خۆیان ئه‌م کاره ده‌که‌ن، ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵی خۆیان به‌ته‌واوی داوه که پێگه و پایه و ده‌سه‌ڵاتی کورد لاواز بکه‌ن له‌نێو ریزه‌کانی سوپاس عێراقی.
سه‌رچاوه‌که روونیشی کرده‌وه: رۆژانه کاری له‌م جۆره ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌مه یه‌که‌م جاریش نییه، بۆیه‌ش ئه‌مجاره ئه‌و سه‌ربازانه‌ی نێو فرۆکه‌خانه‌ی که‌رکوکیان گواستۆته‌وه چونکه له‌نێو فرۆکه‌خانه‌ی که‌رکوک فه‌وجێکی تێدایه و ئه‌و فه‌و جه‌ش به‌گشتی 68سه‌ربازی کوردی له‌خۆی گرتووه ئیستا ئه‌مان 50 له‌و کوردانه ده‌گوازنه‌وه و ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی ریژه‌ی کورده‌کان که‌م ده‌کات له‌وه‌ێ و واده‌کات که ته‌نها 18سه‌ربازی کورد له‌نێو فرۆکه‌خانه‌ی که‌رکوک بمێنیت له هه‌مان کاتدا ژماره‌ی عه‌ره‌باکان زیاد ده‌کات.




