بروسكەی پیرۆزبایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
برای بەڕێزم مامۆستا محەممەد فەرەج ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی
بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی
بەبۆنەی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی لە كوردستان دەكەم. ئازادی و فرەلایەنی و دیموكراسی ئەو دەستكەوتە بەهادارانەن كە لە ئەنجامی خەباتی بێوچانی گەلەكەمان هاتووەتە دی و پێویستە هەموومان بیپارێزین و گەشەی پێ بدەین.
ئێستاكە وڵاتەكەمان لەم قۆناغەدا لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە تەبایی و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی كێشەكان ببینەوە خزمەتی زیاتر پێشكەشی وڵاتەكەمان بكەین.
لە یادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە ئەرك و چالاكییەكانتاندا.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان




