بەهۆی بەردەوامی پرۆژەی فراوانكردنی كەعبە، سستمی حەجی ئەمساڵ وەك ساڵی رابردو دەبێت

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەراگەیندراوێکدا کە کۆپیەکی بەدەست kdp.infoگەیشتووە وتێدا ھاتوو،لەچوارچێوەی سەردانی شاندێكی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق بۆ عەرەبستانی سعودیە بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ و دیاری كردنی پشكی عێراق لە حاجیانی ماڵی خودا, د. بەندەر بن محەمەد حەجار وەزیری حەجی سعودیە پێشوازیكرد لە شێخ قاسم رەسول بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەكۆونەوەیەكدا كە لەشاری (جەدە) بەڕێوەچوو وە شێخ محەمەد تەقی ئەلمەولا سەرۆكی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق و گەورە بەرپرسانی ئەم دەستەیە تیایدا ئامادە بوون گفتوگۆ لەسەر سیستەمی حەجی ئەمساڵ و ئامادەكاریەكان بۆ پێشوازیكردن لەحاجیانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرا.
وەزیری حەجی سعودیە تەئكیدی كردەوە كە سستمی حەجی ئەمساڵ بەهۆی بەردەوامبونی پرۆژەی نۆژەنكردنەوەو فراوانكردنی كەعبەی پیرۆز هەروەك ساڵی ڕابردوو دەبێت و رێژەی 20% لەحاجیانی جیهان و 50% لەحاجیانی ناوخۆی سعودیە كەم دەكرێتەوە.
شاندەكەی عێراقیش داوای زیادكردنی پشكی عێراقیان كرد بەوپێیەی كەژمارەی دانیشتوانی عێراق ئێستا لە 35 ملیۆن كەس زیاترەو نەتەوە یەكگرتوەكانیش ئەم زیادەیەی سەلماندووە ،وەزیری حەجی سعودیەش بەڵێنیدا دیراسەی داواكارییەكەی شاندی عێراق بكات.
لەم بارەیەوە شێخ قاسم رەسول بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی كوردستان تەئكیدی كردەوە ،هەر زیادكردنێك لەپشكی حاجیانی عێراق حاجیانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە ،بەڵام هەتا ئێستا دەستەی باڵای حەجی عێراق بەڕەسمی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵی هەرێمی كوردستانیان دەستنیشان نەكردووە و داوامان كرووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەو داواكاریەین كەپێشكەش بە عەرەبستانی سعودیەمان كردوە.
هەر لەم سەردانەی شاندە عێراقیەكە بۆ سعودیە گفتوگۆو كۆبونەوە لەگەڵ هەموو بەرپرسە پەیوەندیدارەكان لە فڕۆكەخانەو داتابەیسی حاجیانی جیهان بەشێوەی ئەلكترۆنی و ئەو متەوف و بەرپرسانەی دیكە ئەنجام درا كەپەیوەندیان بەكاروباری حەج هەیە ستایشی وەرزی حەجی ساڵی رابردوی عێراق و هەرێمی كوردستانیش كرا.




