وەزیری پەروەردە:رەوا نییە لەبەر دواکەوتنی مووچە پرۆسەی خوێندن رابگیرێت و نە ئێمەو نە یەکێتی مامۆستایان پاڵپشتی ئەم کارە ناکەین

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی د. عیسمةت محمد خالد وەزیری پەروەردە و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان کوردستان، لقی ھەولێری یەکێتی مامۆستایان بە ھاوکاری گروپی سینک لە ھۆڵی میدیا لەشاری ھەولێر، لە رێورەسمێکدا کۆمەڵێک مامۆستایانی خانەنشینکراو رێزیان لێگیرا.
لە مەراسیمەکەدا وەزیری پەروەردە لە وتەیەکیدا گوتی: جێی دڵخۆشییە ئەمرۆ بەشداری لە مەراسیمی رێزلێنانی ئەو مامۆستایانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتکردنی کوردستان تەرخان کردووە کە ھەزاران نەوەی ئەمڕۆیان پێگەیاندووە بکەم و سوپاسی یەکێتی مامۆستایان و گروپی سێنک دەکەم.
سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان وەزیری پەروەردە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: چەند رۆژێکە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆی، ئەمڕۆش دەستکرا بە دابەشکردنی مووچە، رەوا نییە ئێستا لەبەر دواکەوتنی مووچە پرۆسەی خوێندن رابگیرێت و نە ئێمە و نە یەکێتی مامۆستایان پاڵپشتی ئەم کارە ناکەین، پێشتریش مامۆستایان (6) مانگ بێ مووچە دەوامیان کردووە و نەیانھێشتووە پرۆسەی خوێندن راوەستێت.
گروپی سێنک ماوەی چەند ساڵێکە دیاری جۆراوجۆر پێشکەش بە قوتابخانە و قوتابیان و مامۆستایان دەکات.




