نزیکەی شهش ھەزار دار لە شەقڵاوە دەبڕێتەوە

شەقڵاوە - KDP.info/ کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی نزیکەی شهش ھەزار دار لە شەقڵاوە دەبڕێتەوە و زیان به زیاتر له دوازدهھەزار داری دیکە دەگەیەنێ. دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەڵێ رێوشوێن لەدژی ئەو کۆمپانیایانە دەگرینە بەر کە زیان بە ژینگەی کوردستان دەگەیەنن. بەپێی بەدواداچوونێکی دەستەی ژینگە و ژمارەیەک رێکخراوی ژینگه پارێز بۆ خەمڵانی زیانەکانی کارکردنی کۆمپانیایەکی بیانیی نەوت لە سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە، دەردەکەوتووه كه بەدرێژایی12 کیلۆمەتر بۆ خۆش کردنی رێگەی ھاتوچۆ و بەدواداگەڕانی نەوت نزیکەی6 ھەزار داریان بڕیوەتەوە، ئەمە جگە لەزیان گەیاندن بە12 تا 14 ھەزار داری دیکە. پسپۆڕی خاک و ئاو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی سەنتەری ژینگەی شەقڵاوە سیروان سەعید لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو رایگەیاند: ھەردوو کۆمپانیای ھێس و ماراسۆنی ئەمریکی لەسنوری دەڤەری خۆشناوەتی کاردەکەن کە شەقڵاوەش بەشێکە لێی. سیروان وەک نوێنەری رێکخراوەکەی خۆی ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ12 رێکخراوی دیكه خەمڵاندنیان بۆ زیانەکانی کارکردنی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە کردووە کە لەو ناوچەیە بەپێی مۆڵەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەدوای نەوتدا دەگەڕێن.




