بۆ پەیڕەو كردنی سیستەمی فیدراڵی یەمەن دابەشی سەر 6 ناوچە دەكرێ

سەنعا-KDP.info/ كۆمیتەی تایبەتی ئامادەكاری بۆ پەیڕەو كردنی سیستەمی فیدراڵی لە یەمەن بە سەرۆكایەتی سەرۆكۆماری ئەو وڵاتە، بڕیاریدا یەمەن دابەشی سەر شەش ناوچە بكرێت.
كۆمیتەی تایبەتی ئامادەكاری بۆ پەیڕەو كردنی سیستەمی فیدراڵی بە سەرۆكایەتی سەركۆمار عەبدورابو مەنسور هادی، دوای لێكۆڵینەوەیەكی بەفراوان رایگەیاند دابەشكردنی یەمەن لە سەر شەش ناوچە یەكەمین هەنگاوی گرنگ و پێویستە بۆ پەیڕەو كردنی سیستەمی فیدراڵی.
ئاژانسی سابای یەمەنی لە سەر زاری ئەندامانی كۆمیتەكە گواستییەوە كە، كۆمیتە بڕیاری داوە یەمەن لە سەر شەش ناوچە ( دوو ناوچە لە باشوور و چوار ناوچەی دیكە لە باكوور) دابەش بكرێ. بێجگە لە نوێنەری بەرەی جیایی خوازی باشوور هەموو ئەندامانی كۆمیتە دەنگیان بەو بڕیارە داوە.
سەرۆكۆماری یەمەن لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە بۆ پەیڕەو كردنی سیستەمی فیدراڵی دوای بڕیاری كۆمیتە، دەست بە ئامادەكردنی دەستوورێكی نوێ دەكرێ و سیستەمی فیدراڵی دەكەوێتە نێو دەستووری نوێیەوە.




