٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سوپای عێراقی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی شاری فەلوجە دەدات

سەرچاوە: KDP.info

فەلوجە - KDP.info/ وەك ئامادەكاریەك بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی پیادە بە مەبەستی جارێكی تر كۆنترۆلأ كردنەوەی فەلوجە، سوپای عێراقی بۆردومانكردنی ئەو شارەیان چر كردۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە ماوەی نزیكە مانگێكە ئەو شارە لەژێر كۆنترۆڵی چەكدارەكانی سەر بە رێكخراوی قاعیدەدایە. ئەم بۆردومانەش لەكاتێكدایە كە ئەو ماوە دیاریكراوە بەسەر چووە كە نوری مالكی بۆ سەرۆك هۆزەكانی فەلوجە دیاریكردبوو، بۆئەوەی خۆیان گروپە چەكداریەكان لەناو خۆیان راو بنێن و لەشارەكە دەریان بكەن.

لەم بارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراق رایەگەیاند، هێزە ئەمنیەكان بریاری بۆردومانكردنی شارەكەیان بە فرۆكە و تۆپی قورس پێگەیشتووە، ئەمەش بۆئەوەی لەو ئۆپەراسیۆنەدا قەبارە و شوێنی گروپە چەكداریەكان بدۆزنەوە، بۆئەوەی لە قۆناغی هێرشی پیادەدا بەئاسانی بتوانن پێگەكانی گرۆپە چەكداریەكان لەو شارەدا بپێكێنن و تەفر و تونایان بكەن.

لای خۆشیەوە سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار رایگەیاند؛ لەم دوو رۆژەی رابردوودا هێزە چەكداریەكانی عێراق هەوڵەكانیان چركردوونەتەوە و لە ئامادەباشیدان، بۆ هێرشكردنە سەر شاری فەلوجە.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە عێراق نزیكەی 3 هەزار كەس كوژران و برینداربوون.

نوسینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ 1013 كەس لە دەڤەرە جیاجیاكانی عێراق كوژراون كە 795 خەڵكی مەدەنین و 122 سەربازی سوپان و 96 پۆلیسن.

هەواڵی پەیوەندیدار