ئەشواق جاف: كۆسپ دروست بكرێ بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەنا بۆ ماددەی 141ی دەستوور دەبەین

بهغدا-KDP.info/ نوێنەرێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: 2 رۆژ مۆڵەت دەدەن بەسەرۆكی پەرلەمانی عێراق تا كار لەسەر پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید بكات، ئەگەرنا پەنا بۆ ماددەی 141ی دەستووری عێراق دەبەن.
ئەندامی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند: لەگەڵ ئەوەی رەشنووسەكەی گەیشتووەتە پەرلەمان، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جوڵەی بەو پرۆژە یاسایە كرد ئەوا بەرێكارە یاسایەكانی خۆیدا تێدەپەرێ، ئەگەرهەستمان كرد نیازێكی خراپیان هەیە بەرامبەر بەرپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید ئەوا پەنا دەبەینە بەر ماددەی 141ی دەستوور.
ئەوەشی گوت: ماددەی 141ی دەستووری عێراقی دەقی لەسەر ئەوەیە كە هەر بڕیارێك لەپەرلەمانی كوردستان پێش 2003 جێبەجێدەكرێ بەمەرجێ ناكۆك نەبێ لەگەڵ دەستووری عێراق، ئەمە لەگەڵ ئەوەی بەپارێزگابوونی ناوچەكان نەهاتووە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندیدا بێ.
باسی لەوەش كرد: بەبۆچوونی خۆم وادەبینم كەبەبابەتی بەپارێزگایوونی دووزخورماتوو و تەلەعفەر كە ئەو دووناوچەیە دەكەونە سنووری ماددەی 140ی دەستووری عێراق، كەبۆ پەكخستنی ماددەی 140 و كۆسپ دروستكردن لەبەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدە.
ئاماژەی بەوە كرد، هەڵەبجەی شەهید تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەویش بەهۆی ئەو ستەمەی لێكراوە پێگەیەكی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە شیاوی ئەوەیە بكرێتە پارێزگا و یەكێكە لەو خاڵانەی شاندی كوردی لەگەڵ بەغداد دا بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جەختیان لێكردووەتەوە.
كۆتا رۆژی 2013 ئەنجومەنی وەزیران عێراق كۆبۆوەو پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی تاووتوێكرد، لە دانیشتنەكەدا جگە لە چوار وەزیر، كە بریتی بوون لە وەزیری گواستنەوە، داد، گەشتوگوزار و وەرزش و لاوان، سەرجەم وەزیرەكانی دیكە دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاساكە دا، ئەو چوار وەزیرەش داوایان كرد لەگەڵ بە پارێزگاربوونی بوونی هەڵەبجەدا تەلەعفەر و دووزخوورماتووش بكرێنە پارێزگا.
رۆژی 16ی ئازاری 1988 فرۆكەجەنگییەكانی ئەو كاتەی سوپای عێراق بەفەرمانی سەددام حسێن سەرۆككۆماری ئەو كاتی عێراق و بەسەرپەرشتی هەلی حەسەن مەجید شارۆچكەی هەڵەبجەی شەهید (لەرۆژهەڵاتی سلێمانی)یان بەچەكی كیمیایی بۆردومان كرد كەبەهۆیەوە نزیكەی 5 هەزار هاوڵاتیان گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 10 هەزار كەس برینداربوون كەتائێستاش بەكاریگەری ئەو چەكە بەركەوتووانی گیان لەدەست دەدەن.




