سوپای عێراق لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری رومادی نزیك بۆتەوە

رومادی - KDP.info/ شەڕ و پێكدادانی نێوان هێزەكانی سوپای عێراق و چەكدارانی هۆزەكان لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش لە شاری رومادی بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەكی دیكەی چەكدارانی داعش كوژران.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند كە لە شەڕی دژی گروپی تیرۆریستی داعش لە شاری رومادی؛ هێزەكانی سوپای عێراق و چەكدارانی هۆزەكان پێشڤەچۆنی باشیان هەبووە و توانیویانە بەشێكی زۆری شارەكە لە چەكدارەكان پاك بكەنەوە.
هەروەها سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە لەو شەڕەدا ژمارەیەكی دیكەی چەكدارانی داعش كوژراون و هێزەكانی سوپای عێراقیش لە ئامادەباشیدان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە بە یەكجاری و تا ئێستاش 50 ئەندامی ئەو گروپەیان دەستگیركردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد كە هەر چەكدارێكی سەربە داعش بگەرێتەوە ئەوا لێی خۆش دەبن.




