٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یادی كردەوە تیرۆریستییەكەی یەكی شوبات كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - KDP.info/ لە رێوڕەسمێكدا كە لەلایەن وەزارەتی شەهید و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان رێكخرابوو؛ یادی كردەوە تیرۆریستییەكەی یەكی شوبات لە شاری هەولێر كرایەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و پەرلەمانتاران و كەسوكاری شەهیدان؛ لە بەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەكی شوبات لە پارتی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر؛ یادی كردەوە تیرۆریستییەكەی یەكی شوباتی ساڵی دوو هەزار و چوار كە لە یەك كاتدا دوو تیرۆریستی خۆكوژ خۆیان خزاندە ناو جەماوەر كە بۆ جەژنە پیرۆزە هاتبوون؛ لە بەردەم بەرپرسانی سیاسی و ئیداری لە هەردوو لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شاری هەولێر؛ خۆیان تەقاندەوە و سەدان و شەهید و برینداری لێكەوتەوە كرایەوە.

لە رێوڕەسمەكەدا تاجە گولینەی رێزلێنانی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەت و مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانرا.

لە یەكی شوباتی ساڵیدوو هەزار و چوار تیرۆریستانی شۆفێنێزم تاوانی یەكی شوباتیان لە دژی نەتەوەی كوردو گەلی كوردستان ئەنجامدا، لە یەكی شوباتی ئەو ساڵەدا كە رێكەوتی جەژنی قووربانی دەكرد، لەوكاتەیدا هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رێورەسمی پێشوازی كردن لە خەڵك و جەژنە پیرۆزەیان بۆ جەماوەرو لایەنگران و میوانانی خۆیان رێكخستبوو، دوو تیرۆریست خۆیان خزاندە ناو جەماوەری ئەو دوو هێزە سیاسییەی كوردستانەوەو خۆیان گەیاندە ناوجەرگەی پێشوازیكەران و لەبەردەم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی هەردوو حزبدا لەیەك ساتەوەختدا لە تاوانێكی تیرۆریستی و لە كردەوەەیەكی خۆكوژیدا خۆیان تەقاندەوە، لەئەنجامی ئەو كردەوە خۆكوژییە نامرۆییانەدا كە لە روانگەی ئاینی ئیسلامیشەوە كەس چاوەڕێی تاوانێكی وا نەبوو لە رۆژی جەژندا، لەئەنجامی ئەو دوو تەقینەوە خۆكوژییەی لە هەردوو بارەگادا تیرۆریستان ئەنجامیان دا، زیاتر لە 100كەس لە بەرپرسان و كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاولاتیانی بێتاوان هەبوون، لە ناو شەهید و بریندارەكاندا ژمارەیەك منداڵی بێتاوان هەبوو،

هەندێكی تریش لەو كەسانەی شەهید بوون و برینداربوون تەنیا بۆ پیرۆزبایی جەژن سەردانی ئەو دوو بارەگایەیان كردبوو پەیوەندیان بە سیاسەتەوە نەبوو، هەروەها زیاتر لە 250كەسی تریش برینداربوون، هەرچەندە ئەو تیرۆریستانەی تاوانەكەی یەكی شوباتیان ئەنجامدا خۆیان تەقاندەوەو پارچەپارچە بوون بەلام دەزگا بەرپرسەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەیەكی كەمدا توانیان رووخساری ئەو تاوانبارانە بناسنەوەو پاش گەڕان و پشكنین وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانی ئەو تاوانبارانەی دیكەش دەستگیر بكات كە كارئاسانیان بۆ ئەو تیرۆریستانە كردبوو و لە پیلان داڕشتن و جێبەجێ كردنی ئەو تاوانەدا هاریكاری ئەو دوو تیرۆریستە بێ ئیمانە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار