محەمەد مورسی و دارودەستەكەی دادگایی دەكرێنەوە

میسر- KDP.info/ ئەمڕۆ محەمەد مورسی سەرۆكی پیشوی میسر لەگەڵ حەوت تاوانباری دیكە بەتۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەرانی بەردەم كۆشكی ئیتیحادی گواسترانەوە بۆ شوێنی دادگایكردنیان.
لە مبارەیەوە سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ محەمەد مورسی سەرۆكی پێشوی میسر لەگەڵ 7 تاوانباری دیكە لە رێوشوێنێكی ئەمنی توندا بەمەبەستی دادگایكردنیان لەسەر كوشتنی خۆپیشاندەران لە پێش كۆشكی ئیتیحادیە لە رۆژهەڵاتی قاهیرە، گواسترانەوە شوێنی دادگایكردنیان لە ئەكادمیای پۆلیس.
محەمەد مورسی جگە لەكوشتنی خۆپیشاندەران بەپشتگیریكردنی لە بزوتنەوەی حەماس و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگریی لەگەڵیدا تۆمەتباركراوە.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ 41 تۆمەتباری تری ئیخوان موسلمین دادگایی دەكرێن، كە دیارترینیان (محەمەد بەدیع) ڕابەری ئیخوانەكان و (محەمەد بەلتاجی) و (عیصام عەریان) نن.
لەلایەكی دیكەوە نووسینگەی داواكاری گشتی میسر رایگەیاند 16 رۆژنامەوانی میسری و 4 پەیامنێری بیانی بە تۆمەتی یارمەتیدانی تیرۆر و بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست دادگایی دەكرێن.
هەموو ئەم رۆژنامەوانانەی كە بڕیارە دادگایی بكرێن، بۆ كەناڵە تەلەڤزیۆنەكانی جەزیرە كاردەكەن، كە حكومەتی میسر بە پشـتیوانیكردنی محەممەد مورسی سەرۆكی لەكارلادراو تۆمەتباریان دەكات.
كەناڵی جەزیرە داوای ئازادكردنی كارمەندەكانی دەكات و هەموو ئەو تۆمەتانەی دادگای میسر بە ناڕەوا و بێ بنەما وەسف دەكات.




