٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەشواق جاف: كورد لەهەوڵدایە بۆ گەڕانەوەی رەشنووسی بودجە بۆ حكوومەتی عێراق

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا-KDP.info/ نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: ئەمڕۆ كورد بەشداری نەكرد لەكۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و بڕیدا بەدروستكردنی لیژنەیەك لەهەموو سەرۆك فراكسیۆنە كوردیەكان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەماندا تا رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە بگەڕێننەوە بۆ حكوومەتی ناوەندی.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند: ئەمڕۆ كورد بەشداری نەكرد لەكۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا و لەكۆبوونەوەی هەموو فراكسیۆنە كوردستانیەكاندا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكیدا لەهەموو سەرۆك فراكسیۆنە كوردیەكان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمانی عێراق تا بڕوایان پێبهێنین بەگەڕانەوەی رەشنووسی بودجەی عێراق لەپەرلەمانەوە بۆ حكوومەتی ناوەندی.

ئەوەشی گوت: ئەوەی پێویستە لەرەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆساڵی 2014 تێبینی بكرێ بودجەی ماددەی 140 و پێشمەرگەیە كەوای كردووە یاسای بودجە نەبێ بەڵكو یاسای سزادان بێ، ئەگەر ئەو خاڵانە چارەسەر نەكرێن و نەگەڕێنەوە بۆ حكوومەتی ناوەند بەچاككراوی نەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی ئەوا كاتێكی زۆری دەوێ بۆ پەسەند كردن و خودی پرۆژە یاساكە دەبێتە پروپاگەندەی هەڵبژاردن.

باسی لەوەش كرد، هەرچەندە پەیوەندی بەكوردەوە نییە بەڵام داواكاری هەیە بەكەمكردنەوەی بودجەی پەرلەمانی عێراق بۆ نیوەی ئێستای بودجەكەی، رۆژی 29ی كانوونی دووەمی 2014 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر زیادكردنی لە دۆلارێكەوە بۆ 5 دۆلار لەپارەی پترۆ دۆلار بۆ ئەو پارێزگایانەی نەوت بەرهەم دەهێنن، بەپاشكۆیەكیش ناردوویەتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران كە حكوومەت لەوانەیە پێوەی پابەند نەبێ بەو پێیەی بەپاشكۆ ناردوویەتی.

زیاتر گوتی: ئەگەر حكوومەتی عێراقی راستگۆیە لەزیادكردنی پارەی پترۆ دۆلار بۆ 5 دۆلار ئەوا پێویستە جارێكی دیكە بودجە بگەڕێتەوە بۆ حكوومەتی و بیخاتە ناو رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی 2014ە و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان.

ئاماژەی بەوە كرد، زیادكردنی پارەی پترۆدۆلار قازانجی كەركوك و هەرێمی كوردستانە بەوەی ئەو پارەیە دەبێـە پێنج هێندە، مەبەست لەپارەی پترۆدۆلار ئەو زیانانەیە دەگەیەت بەژینگەی ئەو پارێزگایانەی نەوت بەرهەم دەهێنن و لەرێی ئەو 5 دۆلارەوە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بتوانن ئەو زیانانە چاك بكەنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار