سبەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەکات

بەغدا-تایبەت بەKDP.info/ پەرلەمانتارێکی کورد ئاشکرایکرد،بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بکات وبەدوریشی زانی ئەو پڕۆژە یاسایە بگەرێندرێتەوە بۆ حکومەت.
شلێر عەزیز ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.infoراگەیاند:ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پڕۆژە یاسای بودجەی پەسەند کردو سبەش لە یەکەم خالی کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانداھەیەو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسایە دەکرێت.
شلێر عەزیز گوتیشی:دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە دەکرێت دەخرێتە دەنگدان بگەرێندرێتەوە بۆ حکومەت یاخود گفتوگۆکردن لەسەری بەردەوام بێت،بەڵام ئەستەمە بگەرێندرێتەوە بۆ حکومەت،چونکە ئەنجومەنی وەزیران رازی بووە پترۆ دۆلار لەدۆلارێک بۆ پێنج دۆلار زیاد بکات ،ئەمەش وادەکات ئەو پڕۆژە یاسایە دەنگی پێویست بەدەست نەھێنێت بۆ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ حکومەت.
عەزیز رونیشیکردەوە،ئەگەر بەم شێوەیە دەنگی لەسەر بدرێت ئێمە ھەڵوێستی توندمان دەبێت وبەھیچ شێوەیەک دەنگ لەسەرئەو پڕۆژە یاسایە نادەین.
ئەمشە لەکاتێکدایە لەپڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ چەند سزایەک بۆ ھەرێمی کوردستان دانراوە،لەوانەش پێویستە ھەرێم رۆژانە 400ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات،بەپێچەوانەوە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەبردرێت،ھەرێمی کوردستانیش ئەمە بەتوندی رەت دەکاتەوە.




