لە ناحییەی زلكان و باعەدرێ 8 كەس بەهۆی باران بارین گیانیان لەدەستدا

شێخان - تایبەت بە KDP.info/ لە سنووری هەردوو ناحیەی زیلكان و باعەدرێش بە هۆی باران بارینی زۆر و لافاو 8 كەس گیانیان لەدەستدا و زیانی زۆری مادیش بە هاووڵاتیان گەیشت .
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناحییە باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان بە kdp.infoی راگەیاند كە بەهۆی باران بارینی زۆر لەهەردوو ناحییەی زیلكان و باعەدێ 8 كەس گیانیان لەدەستدا كە دوانیان منداڵن و زیانێكی زۆری ماددیش گەیشتە هاووڵاتیانی دەڤەرەكە و چەند پردێكیش رووخان و هاتوچۆ ئاستەنگ كەوت .
هەروەها كەمپی پەنابەرانی قوشتەپە سەر بە پارێزگای هەولێر وێرای باران بارینی زۆر بەهۆی بەجێگەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری ئاوو كارەبا بەشێوەیەكی رێكوپێك روبەروی هیچ زیانێك نەبۆتەوە، بەلام لە كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوا لە دارە شەكران چەند خێمەیەكی پەنابەران كەوتنە خوارەوە و لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیش دەست بەجێ شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینكرا.
لە سەرجەم هەرێمی كوردستانیش رێژەی باران بارین بەم شێوەیەبوو:
لە هەولێر 51ملم، پیرمام 50.6، شەمامك 21.4،
مەخموور 24.8، خەبات 16ملم، سۆران 35.8،
دهۆك 94.5، زاخۆ 93.4، ئاكرێ 61، بامەڕنی 76.2،
دینارتە 98.2، زاویتە 14.9، سلێمانی 18.2، چەمچەماڵ 32.2، ماوەت 23.8، هەڵەبجە 11،
كەلار 7.8، مەیدان 10.4، خورماتوو 12، كەركووك 20، خانەقین 5.1، شەنگال 71.1.




