کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درێژ دەکرێتەوە

هەفتەی داهاتوو کارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆتایی دێت و سەرۆکی کۆمیسیۆنەکەیش ڕایدەگەیەنێت كە لیژنەی پێکهێنانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نەگەییشتووەتە ئەنجام. هاوکات بڕوای وایە کە کارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران درێژ دەکرێتەوە.
فەرەج حەیدەری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پەیامنێری ڕاگەیاندووە: هەفتەی داهاتوو کارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆتایی دێت، بەڵام ئەو لیژنەیەی پێک هێنرابوو بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنێکی تازە پێک بهێنرێت، نەگەییشتوونەتە ئەنجام.
من خۆیشم کۆبوونەوەیەکم لەگەڵ سەرۆکی لیژنەکە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، نیازیان هەیە ژمارەکە لە ٩ کەسەوە بکەن بە ١٥ کەس.
گوتیشی: ئەوەی ئەوان دەیانەوێت پێویستی بە هەمواركردنی یاسا هەیە و پێویستە یاساکەیش خوێندەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت، بەو واتایەی ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە کارەکانی کۆمیسیۆن درێژ دەکرێتەوە.
سەرۆکی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بێئاگایی خۆیشی لە ماوەی درێژکردنەوەكە نیشاندا.




