رۆژی پێنجشەمە پشوو نییە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە لە نێو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی بڵاوكراوەتەوە كە گوایا رۆژی پێنجشەمە كە دەكاتە دوو سبەی پشووی فەرمیە لەسەرجەم دامودەزگا حكومیەكان و قەدەغەكردنی هاتوچۆش رادەگەیەنرێت بەهۆی دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەسەر هاووڵاتیان بەڵام سەرچاوەیەك لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە.
لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ( KDP.info ) هندرێن محمد ساڵح بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان گوتی: بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق كۆمسیۆنی بڕیاریداوە بەدابەشكردنی كارتی ئەلیكترۆنی بەسەر هاووڵاتیان و هەرهاووڵاتیەك ئەو كارتەی لا نەبێت ئەوا لە رۆژی دەنگدان ناتوانێت دەنگ بدات، وابڕیارە بەشی هەرێمی كوردستان لەو كارتە ئەلیكترۆنیانە رۆژی پێنجشەمە كە دەكاتە دوو سبەی لەرێگەی فرۆكەخانەی هەولێرەوە بگاتە دەستمان و ئێمەش وەكو ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن پێویستمان بە دوو رۆژ هەیە بەمەبەستی دابەشكردنی ئەو كارتانە بەسەر ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەران پێویستمان بە دوو رۆژ هەیە بۆیە ئەو دەنگۆیانە راست نین كە دەگوترێت پێنجشەمە كارتەكان بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەكرێت.
ناوبراو گوتیشی: ئەگەر رۆژی پێنجشەمە ئەو كارەتانە بەدەست ئێمە بگات ئەوا ئێمە لەهەردوو رۆژی هەینی و شەمە دابەشی سەر ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەرانی دەكەین و بۆ رۆژی یەكشەمە دەتوانرێت بەسەر هاووڵاتیان دابەش بكرێت لەرێگەی ئەو ناوەندانەوە.
سەبارەت بە رۆژی دابەشكردنی كارتەكان كە وابڕیارە یەكشەمەی ئایندە ئەنجام بدرێت ناوبراو گوتی: ئێمە بەهیچ شێوەیەك داوای پشوومان نەكردووە بۆ ئەو رۆژەی كە كارتەكان بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەكەین وئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین.




