وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان نەنێردراون

جێگری وەزیری پێشمەرگە دەنگۆی ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان رەت دەکاتەوە و گوتی هیچ راسپاردەیەکیان بە دەست نەگەیشتووە تاکو یارمەتیی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بدەن"
جێگری وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنوەری حاجی عوسمان، دەنگۆی دەربازبوونی هێزی پێشمەرگەی بۆ رۆژئاوای کوردستان رەت کردەوە و رایگەیاند "لیوای 8 ئەرکی پاراستنی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و سووریای بە دەستە و 2 فەوجی سەر بە لیوای 8 لەسەر سنوور جێگیر کراون و چاودێریی کێڵگە نەوتییەکان دەکەن. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە بەردەوامی پەیوەندیمان بە لیوای 8ەوە هەیە و هیچ هەواڵێک سەبارەت به دەربازبوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو رۆژئاوای کوردستان لەئارادا نییە".
لە یوتیوب گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزی پێشمەرگە نیشان دەدات گوایە بەرەو سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستان دەڕۆن و باس لە ئازادکردنی قامیشلۆ دەکەن.
جێگری وەزیری پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ "رووداو" سەبارەت به ئەگەری یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە تا ئێستا هیچ راسپاردەیەکمان بە دەست نەگەیشتووە کە یارمەتی هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان بدەین".




