سیاسەتمەدارانی عێراق هەرێم بە بەغدا ناگۆڕنەوە

هەولێر - KDP.info/ هەولێر هەر پایتەختی گەشتیاری عەرەبی نییە بەڵكو لە ترس كوشتن و نا ئارامی سیاسەتمەدارانی عێراقی پەنایان بۆ هێناوە و بە بەغدای ناگۆڕنەوە.
بەپێی هەواڵێكی ئەنادۆلۆ زیاتر لە 40 ھەزار خێزانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ھەرێم دەژیین كە بەشێكیان سیاسەتمەدار و پیاوانی ناسراوی عێراقن.
لە 21 تەسبیحی گوڵدانە شوشەییەكەی دیوەخانی ماڵەكەی لەنزیك ھەولێر، ئەمینداری حزبی ئوممەی عێراقی میسال ئالوسی تەسبیحێكی زەردی ھەڵبژارد و پێیگوتین خراپ بەڕێوەبردنی عێراق گەشەی بە تیرۆر داوە، ئەوەش بەغدای پایتەختی بەرەو گوند بردووە بەھۆی گەشەسەندنی بیری توندڕەوییەوە.
ئالوسی دوای كوشتنی دوو لە كوڕەكانی لە بەغدا و رزگاربوونی لەچەندین هەوڵی كوشتن، ناچار بوو پایتەختەكەی خەلیفە جەعفەری مەنسور بەجێ بھێڵێ و بەرە و ئەربائیلو بێ، لە قسەكانیدا ھۆكاری ھاتنی عێراقییەكان بەگشتی و سیاسەتمەدار و پزیشك و ئەندازیارانی بۆ شارەكانی ھەرێم بە تایبەت بۆ بوونی ئارامیی گەڕاندەوە.
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق زیاتر لە 40 ھەزار خێزان كە ژمارەیان 250 هەزار كەس دەبێ ناوچەی خۆیان لەناوەڕاست و باشووری عێراق بەجێ ھێشتووە و ساڵانێكە لەھەرێمی كوردستان جێگیر بوون.
بەرپرسی نووسینگەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە ھەرێمی كوردستان عەلیا حوسێن بەزاز لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو دەڵێ بەشی زۆری ئەو خێزانانە خاوەن دەرامەت و داھاتی بەرزن و بەشێكشیان كەسە ناسراو و پیاوانی دەوڵەتن كە ترس لە تیرۆر و رفاندن و ھەڕەشەی چەكدارە توندڕەوەكان وایكردووە ئەوان بەغدا و پارێزگاكانی دیكە بەجێ بھێڵن و لەھەرێم بگیرسێنەوە.
عەلیا دەڵێ ئەو خێزانانە سەرباری خستنەرووی پێدانی چوار ملیۆن دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەرامبەر بەگەڕانەوەیان، بەڵام ئەوان لەھەرێم جێگیربوون و زۆر بەكەمی دەگەڕێنەوە.
لەسەرەتای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لەساڵی 2003 بەشێك لەخێزانە عەرەبەكان بەتایبەت ئەوانەی ئەندامانی خێزانەكانیان لەحزبی بەعسدا كاریان كردبوو لەترسی كوشتن، پەنایان بۆ شارەكانی ھەرێم هێنا، دواتر لەساڵی 2006 و گەیشتنی عێراق بە ترۆپكی شەڕی تایفیی ھەزاران خێزان ناوچەكانی خۆیان لەعێراق بەجێ ھێشت و ھاتنە ھەرێمی كوردستان.
لەساڵی 2003ەوە كوشتن و رفاندنی ھاوڵاتییانی عێراق و بەدیاریكراویش كەسە دیارەكان، دیاردەیەكی زەقی زۆرینەی ھەرە زۆری پارێزگاكانی عێراقە، بەتایبەت بەغدای پایتەخت، ئەمەش وایكردووە زۆرێك لە زانا و نوخبە و سیاسەتمەدار و بەمدواییانەش پیاوانی ئاینیی سونە مەزھەبیش بێنە ھەرێم و لێرە جێگیر بن.
میسال ئالوسی ناسەقامگیری و ناكۆكییە سیاسییەكان و پەرەسەندنی ھەستی تایفەگەری بەھۆكاری بەجێھێشتنی بەغدا لەلایەن بەغداییەكانەوە لەنێویاندا سیاسەتمەداران دەزانێ.
ئەو بەرپرسە عێراقییە كە زیاتر لە پێنج ساڵ دەبێ لەھەولێر دەژی دەڵێ سەركردایەتیی سیاسی ھەرێمی كوردستان و خەڵكەكەشی دەمارگیری و توندڕەوییان بەرامبەر بە ھاوڵاتییانی دیكەی عێراق ئەوانەی لە شوێنی ترەوە ھاتوون نییە، لێبوردەشن. جگە لەوە سەركەوتنی سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی بەھۆكارێكی تر بۆ نیشتەجێ بوونی عێراقییەكان لەھەرێم دەزانێ. پێشیوایە ژیانی مەدەنی لەكوردستان ھەیە، ئاسایش و متمانە و بەرقەراریی ھەیە.
ئەمینداری گشتی حزبی ئوممەی عێراقی هەروەها گوتی: "عێراق بەگشتی و بەغدا بەتایبەت بەرەو ئەوە دەچێ ببێتە گوند و بیری توندڕەویی تێدا تا بێ باڵادەست دەبێ، ھەرچی ھەرێمی كوردستانە بەرەو دەوڵەت بوون و بەرقەراریی زیاتر دەچێ."
میسال ئالووسی كە زۆربەی ئەندامانی حزبەكەی لەعێراقن نەك لە ھەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد كە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس لەعێراق بەدەستی حزب و كەسێكی دیاریكراوەوەن كە سەرۆك وەزیران نوری مالیكییە و ئەوەش وایكردووە جێی متمانە نەبن.
جگە لە چەندین وەزیر، بریكاری وەزیر، پەرلەمانتار، دادوەر، مامۆستای ئاینی، پزیشك و ئەندازیار و پسپۆڕانی نەوت، چەندین توێژی دیكەی عێراقی بەغدایان بەجێ ھێشتووە و لەھەرێم نیشتەجێ بوون.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لیستی عێراقییە جەمال گەیلانی كە لە شاری هەولێر دەژێ و لەكاتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەبەغدا ئامادەیە دەڵێ ژیان لەشارەكانی تری عێراق جگە لەهەرێمی كوردستان زەحمەت و قورس بووە بەهۆی نەبوونی رەوشێكی سەقامگیر و نەبوونی پارێزگاریی.
ئەو قسانەی گەیلانی لەكاتێكدایە بەپێی یاسا حكومەتی عێراقی 25 پاسەوانی بۆ هەر پەرلەمانتارێك دابین كردووە، كەچی هێشتا بەشێك لەو پەرلەمانتارانە بەو سوپایەوە لەژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان دڵنیانیین.
گەیلانی لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆلو گوتی: "زۆرێك لە سیاسەتمەدارانی عێراق لەسەرجەم پێكهاتەكان نەك بەتەنها سونەكان لەهەرێمی كوردستان دەژیین، چونكە لە ژیانی خۆمان و مناڵەكانمان مسۆگەرنیین."
گەیلانی كە بەنیاز نییە بگەڕێتەوە بەغدا هەروەها گوتی: "لە هەولێر دەرفەتی خوێندنی مناڵەكانمان هەیە و هەموو ئاسانكارییەكان رەخساون و لەم دۆخەدا هەولێرمان پێ باشترە لە بەغدا."




