لە ھەولێر کۆنفراسی زمانی کوردی دەستی بەکارەکانی کرد

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئەمرۆ یەکشەممە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و ئەکادیمیای کوردی بە ھاوکاری وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆنفراسی ساڵانەی زانستی زمانی کوردی (پەروەردە) لە ھەرێمی کوردستان ، لە ھۆڵی کتێبخانەی گشتی ھەولێردەستی بەکارەکانی کرد.
ئاراس نەجمەددین بەڕێوەبەری گشتی پرۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە گوتی : ئەو کۆنفراسە تەواوکەری کۆنفراسەکەی پارساڵە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە زمانی کوردی لە بواری پەروەردە ، ئەمساڵیش جەخت لەوە دەکرێتەوە کار لەسەر ناوەڕۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن لە قۆناغی بنەڕەتی بکرێت .
ھەروەھا گوتی : ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە توێژینەوەی خۆمان ھەیە لە کۆنفراسەکە و دەستنیشانی خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی دەکەین و ھەوڵدەدەین بەخاڵە لاوازەکاندا بچینەوە ، ھەوەھا ئەوانەی توێژینەوەکان پێشکەش دەکەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزان و ھەندێکیشیان لە گفتوگۆکردنی بابەتەکان بەشداردەبن و کۆمێنت و ڕەخنەی خۆیان دەبێت .
کۆنفراسەکە (18) لێکۆلینەوە لەخۆدەگرێت لەبواری لێکۆلینەوەی زمانی کوردی بۆ سەرجەم پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ قۆناغی بنەڕەتی بۆ ماوەی (2) رۆژ بەردەوام دەبێت.




