دواکەوتنی گەشتە راستەوخۆکانی عومرە لەھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندی بە کێشەی نێوان سعودیە و عێراقەوە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ بڕیاربوو لەم مانگەوە گەشتەکانی عومرە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەفرۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانییەوە بۆ سعودیە دەستپێبکات، بەڵام ئەم گەشتانە دواکەوتوون و ھاووڵاتیانیش لە دواکەوتنی گەشتەکان نیگەران و چاوەڕوانن.
لەمبارەیەوە مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھۆکاری ئەم دواکەوتنەی گەشتەکانی عومرە بۆ تەواونەبوونی ھەماھەنگی ھونەری و ئیداری نێوان وەزارەتی گواستنەوە و دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق و حکوومەتی سعودیە دەگێڕێتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش، کرد کە گەشتی عومرە لەم مانگەدا لە ھەرێمی کوردستانەوە و لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بۆ سعودیە بەرێگای ترانزێت دەستیپێکردووە و بەسەدان ھاوڵاتی ھەرێم سەفەری عومرەیان کردووە، بەڵام مەرجی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە عومرەکاران راستەوخۆ لەفرۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانییەوە بۆ سعودیە بێت.
مەریوان نەقشبەندی تەئکیدی کردەوە، کەوا دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق ئاگاداریان کردوونەتەوە لە2/2/2014گەشتە راستەوخۆکانی عومرە لەھەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە دەستپێدەکات و ھیوای خواست ھاوڵاتیانی ھەرێم لەم رێگایەوە سەفەر بکەن بۆ ئەوەی کێشەی مانەوە و دواکەوتنی عومرەکاران لەوڵاتی سێیەمەوە وەک ساڵانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە.
بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف پێشبینی کرد،ئەمساڵ لەھەرێمی کوردستانەوە نزیکەی 70ھەزار کەس سەفەری عومرە بکەن.




