٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شەڕ لە ئەنبار بەردەوامە و ژمارەیەك هاووڵاتیش كوژران

سەرچاوە: KDP.info

ئەنبار - KDP.info/ سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە شەڕ و پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنییەكانی عێراق و چەكدارانی هۆزەكان لە گەڵ چەكدارانی گروپە تیرۆریستییەكان لە پارێزگای ئەنبار لە پەرەسەندندایە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار لە شەڕ و پێكدادنێكدا 3 مەدەنی كوژران و 8ی دیكەش برینداربوون. هەروەها شێخ عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە لە پارێزگای ئەنبار لەمبارەوە رایگەیاند: چەكدارانی تووندڕەوی سەر بە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) و رێكخراوی (قاعیدە) لە هەوڵی بەردەوامن بۆ دەستگرتنە سەر ئەنبار، بەڵام لە 90% هۆزەكانی پارێزگاكە دژی ئەو هەوڵانە دەوەستنەوە.

شێخ عەبدوڵڵا جەختشی كردەوە لە "پێویستی دەستپێكردنی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەك جێی رەزامەندی هەموو لایەنەكان بێ".

سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە لە پارێزگای ئەنبار ئاماژەی بەوەشدا كە چەكدارانی رێكخراوەكانی (داعش) و (قاعیدە) دان بە هۆزەكان و لایەنە سیاسییەكان و هیچ لایەنێكی دیكەی ئەنبار نانێن هەوڵی كونترۆڵكردنی پارێزگاكە دەدەن.

ئەمە لە كاتێكدایە رەشید فلەییەح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار ماوەی 10 رۆژی دیاریكردووە بۆ لە ناوبردنی چەكدارانی رێكخراوی داعش لە شارۆچكەی فەللوجەو پارێزگای ئەنبار بە گشتی.

لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە پارێزگای ئەنبار، زۆربەی دانیشتوانی پارێزگاكە وشارۆچكەی فەللوجە شوێنەكانیان جێهێشتووەو روویان لە ناوچە ئارامەكانی دیكەی عێراق كردووە، بەپێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ژمارەی ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار 140 هەزار كەسی تێپەراندووە.

هەواڵی پەیوەندیدار