روحانی: كردنەوەی بالیۆزخانەی ئەمریكا لە ئێران مەحال نییە

سویسرا - KDP.info/ حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران كە بە مەبەستی بەشداری كردن لە كۆربەندی جیهانی ئابوری سەردانی داڤوسی كردووە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لەگەل كەنالی ئار تی سی سویسرا رایگەیاند ئێران و ئەمریكا لە رابردوودا پەیوەندیەكی زۆر دژوار و پر كێشەیان هەبووە، بەلام هیچ شتێك لە جیهاندا مەحال نییە و بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكان پێویستە هەول و كۆششی زیاتر ئەنجام بدرێت.
هەروەها روحانی جەختیشی لەوە كردەوە كە دۆستایەتی و دوژمنایەتی هەتا سەر نامێنێتەوە و پێویستە هەوڵ بدەین كە دوژمنەكان بكەینە دۆست و ئەو هەنگاوەش پێویستی بە دروستكردنی متمانە هەیە لە نێوان هەر دوولا دا.
هەروەها روحانی جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەگەر واشنتۆن دان بە مافی ئێران بنێت، ئەوا ئێرانیش لە بەرامبەردا وەلامی ئەرێنی دەبێت. لە وەلامی پرسیارێكی تەلەفزیۆنی ئار تی سی سویسری سەبارەت بە كردنەوەی بالیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران، روحانی رایگەیاند كردنەوەی بالیۆزخانەی ئەمریكا لە ئێران مەحال نییە.




