مالیکی دوا پۆستی لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی لەکورد سەندەوە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: کەوا لەسەر داوای دەستەی نەزاھەی عێراق نوری مالیکی سەرەک وەزیرانی عێراق رائد ئەلبەلداوی کە عەرەبێکی سەر بەحزبی فەزیلەیە وەک (پشکنەری گشتی)دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق دامەزراند ،لەکاتێکدا ئەو پۆستە بەپلەی وەکیل وەزیرە و تاکە پۆستی کوردە لەدەستەی ناوبراو و نزیکەی 8ساڵ بوو ناێح عەقراوی بەرێوەی دەبرد.
مەریوان نەقشبەندی تەئکیدی کردەوە، کەوا لەسەر راستی دانانی ئەم بەپرسە نوێیە لەپۆستێکی تایبەت بەکورد لەبەغدا پەیوەندی بە دکتۆر فەرھاد رێکخەری کارەکانی حکوومەتی ھەرێم لەبەغدا کردوە و ئەویش بێ ئاگایی خۆی لەم بڕیارەی مالیکی دەربڕیوە ،لەھەمان کاتدا نیگەرانی وەزارەتی ئەوقافی سەبارەت بەم بڕیارە و ھۆکاری پڕنەکردنەوەی ئەم پۆستە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم دەربڕی و گوتی:وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێم چەندین کەسایەتی شارەزای بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە دەستنیشان کردبوو، بەڵام بەھۆی خەمساردیەوە ئێستا دوا پۆستی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لەدەست کورد دەرھێنرا و ئەوەش کاریگەریی سلبی لەسەر پرۆسەی حەج و عومرەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و کاریگەریی کورد لەم دۆسێیەدا دەبێت.




