وەزارەتی پەروەردە جگە لە چەند پسپۆڕییەكی تایبەت فەرمانبەری هیچ وەزارەتێكی تر وەرناگرێت

هەولێر- تایبەت بە / KDP.info بەهۆی باشی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو بەتایبەتیش خەرجكردنی دەرماڵەی 150 هەزار دینار داواكاریەكی زۆر لەلایەن فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ گواستنەوەیان بۆ سەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بەهۆی پێویست نەبوونی و زۆری میلاكی خۆی تەنیا چەند پسپۆڕیەتییەكی دیاریكراو وەردەگرن.
هاجەرە داود وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ kdp.inf گوتی: ئێسته وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بەهەموو جۆرە راژەو پسپۆڕیەك نییە و میلاكێكی زۆریشی هەیە بۆیە وەزارەت چەند رێنماییەكی تایبەتی لەمبارەیەوە دەركردووە و بەكاری هێناوە و ئێسته وەزارەتی پەروەردە فەرمانبەری هیچ دامودەزگایەك و وەزارەتێك وەرناگرێت جگە لەو چەند پسپۆڕیەی كە پێویستن بۆ قوتابخانەكان بۆ نمونە پسپۆڕییە زانستییەكانی وەكو فیزیا و كیمیا و بیركاری و زانستەكان بەڵام پسپۆڕییەكانی ترمان پێویست نییە.
ناوبراو گوتیشی: پێشووتر زۆر كەس لە دامودەزگاكانی تر داوای گواستنەوەیان بۆ قوتابخانەكان كردووە بۆ ئەوەی لەبواری كارگێڕی قوتابخانە كاربكەن تا ئاستێكیش رەزامەندی لەسەر داواكەیان دراوە، بەڵام ئێسته سنورێك بۆ وەرگرتنی فەرمانبەرانی دەرەوەی وەزارەتی پەروەردە دانراوە و تەنیا چەند پسپۆڕیەتێك وەردەگیرێن.




