ئەشواق جاف: دەستووری عێراق تەنیا كتێبێكە ناوەند نایخوێنێتەوە

بهغدا-KDP.info/ نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: فشارو هەڕەشەكانی ناوەند بۆ سەر هەرێم روولەزیادبوونە، و ئەگەر كێشەكان گەیشتنە بنبەست دادگای نێودەوڵەتی یا لایەنی سێیەمی نێودەوڵەتی چارەسەرە، ناوەندیش ئەوەندەی پێشێلی دەستووری كردووە دەستوور رۆڵی كتێبێكی چاپكراو دەبینێ.
ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی، بە KDP.infoی راگەیاند : هەڕەشە یا بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە تەواو نایاسایی و دژ بەدەستوورە و چاوەڕوانین شاندی هەرێم و بەغداد بگەنە رێگە چارەسەرێكی دەستووری و یاساییانە پێكەوە، بۆچوونم وایە ئەگەر هەموو رێگە چارەسەرەكان گەیشتنە بنبەست، ئەوا دادگای نێودەوڵەتی یا لایەنی سێیەمی نێودەوڵەتی كۆتا رێگە چارەیە.
ئەوەشی گوت، پێشێلكارییەكانی حكوومەتی ناوەندی وەهای كردووە بۆچوونمان بەجۆرێك بێ لەبارەی دەستوورەوە كە تەنیا كتێبێكە و هیچ ئەركێكی نییە، بۆیە ئەگەر حكوومەتی ناوەندی بەردەوام بێ لەسەر فشارەكانی ئەوا باشترین رێگە دادگای نێودەوڵەتی یا لایەنی سێیەمی نێودەوڵەتیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، هەرچەندە ئێمە دوو دەوڵەتیش نین.
باسی لەوەش كرد، هەرچەندە باس لەوە دەكرێ بەو هۆیەی كورد دەوڵەت نییە رێگری یاسایی بۆ دروست دەبێ لەدادگای نێودەوڵەتی لاهای بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی دژ بە ناوەند بگرێتە بەر، بەڵام ناوەند فشارەكانی زیاتر كردووە و دەستووری پشتگوێ خستووە و دادگای ناوەندی عێراقیش تێبینی زۆری لەسەرە لەرووی بێلایەنییەوە، كەواتە كۆتا چارەسەر هەر دادگای نێودەوڵەتی یا لایەنی سێیەمی نێودەوڵەتیە.
ئاماژەی بەوە كرد، ئەو فێڵەی هەموو ساڵێك حكوومەتی عێراقی بەرامبەر بەهەرێم بەكاری دەهێنێ، بودجەی ماددەی 140 و پێشمەرگە و كرێی كۆمپانیا نەوتییەكان، سزاكان كە بەبەردەوامی حكوومەتی ناوەندی وەك كارتی فشار دایدەنێ لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نەهێڵێ ئەو پێشكەوتنەی هەیە لەهەرێم رێگری لێ بكات، لەكاتێكدا مافی پێشمەرگە لەدەستووری عێراقدا چەسپیوە و ماددەی 140 لەدەستووردا چەسپیوە كەچی كارەكانی بەشێوەیەكی خاو دەڕوات، ماددەكانی 9 و 111 و 112ی دەستوور هەموویان پێشێلكراون.
جەختی لەوە كردەوە، ئەو پێشنیارەی حسێن شەهرستانی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، كە دواتر حكوومەتی عێراق پەسەندی كردووە بەوەی پێویستە لەسەر هەرێم كە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكات لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، گەورەترین بەڵگەیە حكوومەتی ناوەندی نەوت دەكاتە كارتی فشاری سیاسی تالەرێیەوە فشار بخاتە سەر كۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەكانی دنیا كە لەهەرێم كاردەكەن لەنموونەی ئیكسۆن مۆبیل، شیفرۆن، كەبوونیان سەنگێكی گەورەی سیاسی و ئابووری بەهەرێم دەبخشن، لەسەر نەخشەی نێودەوڵەتی هێزێكی دیكەی بەهەرێم بەخشیوە.
زیاتر گوتی: بڕیارەكە بەو شێوەیەیە كە تەنیا لەرێی كۆمپانیای سۆمۆوە نەوت هەناردە بكرێ و هەر ناردنە دەرەوەیەكی نەوت هەبوو ئەوا لەبەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێ، كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم تەواو نایاساییە چونكە ئەوە مافێكی سروشتی هەرێمە لەبودجەی عێراقدا و هیچ منەتێك هەڵناگرێ، بەگوێرەی ماددەی 111ی دەستووری عێراقی پێویستە بودجە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشبكرێ بەسەر دانیشتوانی عێراقدا.
باسی ئەوەشی كرد، حكوومەتی ناوەندی دژ بەپەسەندكردنی پرۆژە یاسای نەوت و غاز و یاسای پێشمەرگەیە، چونكە ئەگەر پەرلەمان پەسەندیان بكات واتە ئەو كارتە فشارانەی لەدژی هەرێم لەدەست دەدات، حكوومەتی ناوەندی باش لە مانای هێزی پێشمەرگە تێگەیشتووە، كەیەكێك لەدروست كردنی دەوڵەتی دامەزراوەیە، هەروەك دۆسیەی نەوتی هەرێم هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەمان مەبەست، ساڵی رابردوو كارتێكی فشاری نوێی بەكار هێنا كە بریتی بوو لەهەڕەشەی كەمكردنەوەی 17 لەسەدی، ئەمەش هەمووی لەپێناوی پەردەپۆش كردنی شكستی حككومەتی ناوەندی لەدۆسیەی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی عێراقی.
لەمساڵدا دەنگ لەچەندین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەناوەراست و خوارووی عێراق بەرزبووەتەوە بۆ بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لەبودجەی عێراق، زۆر بەروونی دیارە بۆ ئەوەی شكستەكانی دۆسیەی خزمەتگوزاری و ئەمنی و نەوتی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە كوردە وای گوت.




