دەستپێكردنی كۆنگرەی جنێڤ 2ی تایبەت بە قەیرانی سوریا

سویسرا - KDP.info/ ئەمڕۆ لە شاری مۆنترۆی سویسرا لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان كۆنگرەی جنێف دووی تایبەت بە چارەسەر كردنی قەیرانی سوریا بە بەشداری لایەنەكانی دژ بەیەك و چل وڵات و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی دەستی بەكارەكانی كرد.
بان كی مون سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بە وتارێك كۆنگرەی جنێف دووی كردەوە و ئاماژەی بەوەكرد هەلێكی مێژوویمان لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی سوریا رزگار بكەین و كۆتای بەو نەهامەتیانەی ئەو وڵاتە بهێنین، هەروەها سێرگی لافرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند هەموولایەنەكانی بەشداربوو بەرپرسیاریەتی مێژوویی هەڵدەگرن بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە، هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد بەبەكارهێنانی هێز ناتوانین بگەینە هیچ چارەسەرێك تەنها بە دیالۆگ نەبێت.
هەرلەو چوارچێوەیەدا جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند لە سەرمانە حكومەتێكی كاتی لە رێگای گفتوگۆە پێك بهێنین كە رەزامەندی هەموو لایەنەكانی لەسەر بێت هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەشكرد راپۆرتەكانی ئەو دواییەی كوشتن و ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوەكان پێچەوانەی هەموو یاساكانە. پێشتر ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئامانجی بەشداریكردنی لەو كۆنگرەیە ئاشكراكرد كە ئەویش خۆی لە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەبینێتەوە، لە بەرامبەردا رژێمی سوریا ئەو داواكارییەی ئۆپۆزسیۆن بەهێڵی سور لە قەڵەم دەدات، لە مبارەیەوە وەلید موعەللم وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند قسەكردن لەسەر حكومەت و سەرۆك هێڵی سورە. هاوكات رژێم بڕیاری دروستی كۆنگرەی جنێف دوو بە یەكخستنی هەوڵەكان دادەنێت بۆ نەهێشتنی تیرۆر كە ئۆپۆزسیۆن تاوانبار دەكات بەئەنجامدانی كاری تیرۆریستی لەسەر خاكی سوریا. جێگای ئاماژە بۆكردنە بەستی كۆنگرەی جنێف دوو لە كاتێكدایە كە شەڕوپێكدادان لە سوریا بەردەوامە و تا ئێستا سەد وسیی هەزار كەس كوژراون و بەهەزاران كەسی دیكەش ماڵ و حاڵیان جێهێشتوە و پەنابەرن لە وڵاتانی دەوروبەری سوریا.
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران بەبێ بەشداریكردنی وڵاتەكەی گومانی لە سەركەوتنی كۆنگرەی جنێف دووی تایبەت بەچارەسەركردنی قەیرانی سوریا هەیە.




