دەقی وتاری سەرۆك بارزانی لە پەرلەمانی ئەوروپادا

برۆكسڵ - KDP.info/ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبەردەم پەرلەمانی ئەورووپادا وتارێكی پێشكەش كرد و تیشكی خستەسەر چەند پرسێكی گرنگ و رەوشی هەرێمی كوردستان و عێراقی شیكردەوە؛ ئەمەش دەقی وتارەكەی سەرۆك بارزانییە: سەرەتا دەمەوێت سوپاسی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا بكەم كە بۆ ئەم كۆبوونەوەیان بانگهێشت كردین . بێگومان ئەوروپا رۆڵێكی گەورەی هەیە و بوارێكی فراوانیش هەیە بۆ ئەوەی كار لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمدا بكات بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانیدا : دەزانین كە رێكەوتنێك لە نێوان حكوومەتی عیراق و یەكێتی ئەوروپادا هەیەو هیوادارین هەرێمی كوردستان رۆڵێكی لەم رێكەوتنەدا هەبێت و لەلایەن یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپاوە بایەخی پێ بدرێت. دەمەوێت بەڕێزتان سەبارەت كورتەیەك لەو كارەساتانە ئاگادار بكەمەوە كە بەسەر گەلی كورددا هاتوون . گەلی كوردستان دووچاری ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر و هەڵمەتی زۆر دڵڕەقانە بووەوە لەلایەن رژێمە یەك لە دوا یەكەكان كە دەسەڵاتی عیراقیان گرتە دەست، چەكی كیمیاییش دژی بە ئافرەتان و منداڵان بەكارهێنراو كردەی ئەنفالیش دژ بە گەلی كورد ئەنجام دراو لە ئاكامدا سەدو هەشتاو دوو هەزار كەس بێ سەروشوێن بوون تەنیا تەرمی نزیكەی چوار هەزاریانمان دەست كەوتەوە لەوانەی لە بیابانەكانی باشووری عیراقدا زیندە بە چاڵ كرابوون و كاری گەڕان و پشكنینیش بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی تەرمی شوێن بزرەكانی دیكە . لە چەند ساتێكی كەمیشدا پێنج هەزار هاووڵاتی شەهید بوون زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون لە ئاكامی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری هەڵەبجە بە تەنیا .
خوشك و برایانی بەڕێز
ئێمە لە هەرێمی كوردستان سیاسەت و كولتووری لێبووردەیی و پێكەوە ژیان و قبووڵ كردنی ئەوی دیكەمان پەیڕەوكردووە، لە كاتی راپەڕینەكەی گەلی كوردستان لە ئاداری ساڵی 1991 تۆڵەمان لەو كەسانە نەسەندەوە كە زوڵمیان لێ كردین، هەروەها پاش رووخانی رژێم لە ساڵی 2003دا تۆڵەمان لەو كەسانە نەسەندەوە كە خراپەیان بەرانبەر كردین، لاپەڕەكی نوێمان لەگەڵ خۆمان و كەسانی دیكەدا كردەوە، ئەمەش یارمەتی دەربوو بۆ ئەوەی خۆمان بۆ بنیادنانی وڵاتەكەمان و سووك كردنی باری سەر شانی گەلەكەمان تەرخان بكەین . لە ئاكامی ئەو سیاسەتەدا هەرێمی كوردستان رێژەیەكی بەرزی ئەمن و سەقامگیری بە خۆوە بینی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای جیهانی لە وڵاتە جۆراوجۆرەكانی جیهانەوە بێن بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان. وەك نموونەیەكی ساكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەو پەرەسندنە بزانن كە لە كوردستان بەدی هاتووە داهاتی تاك لە كوردستان بەر لە 2003 لە 500 دۆلار كەمتر بوو ئێستا لە پێنج هەزار دۆلار تێپەڕیوە.
ئێمە لە سەرەتای رێگەداین بۆ بنیادنانی دەزگا و دامەزراوەی دیموكراتی لە كوردستان و پێویستمان بە یارمەتی ئێوە هەیە تا ئەم دەزگایانە لەسەر بنەمایەكی سەردەمیانەو دروستانە بنیات بنێین. ئێمە پێویستمان بە شارەزایی ئێوە هەیەو بە هیواین پشتیوانی لە مافەكانی گەلی كوردستان بكەن. هەروەها داواتان لێ دەكەین هەموو كۆشش و هەوڵتان بخەنە كار لە پێناوی بڕیاردان لە سەر ئەو جینۆسایدەی بەرانبەر بە گەلی كوردستان ئەنجام درا هەروەها داوا لە بەڕێزتان دەكەین كار لەگەڵ لایەنە پیوەندیدارەكاندا بكەن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەكی تایبەتی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستاندا بكرێتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوبوونی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەوروپا لە بوارەكانی ئابووریدا.
هەروەها داواتان لێ دەكەین پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسی لە عیراق بكەن لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و دیموكراتی و فیدرالیزم و بە گژداچوونی تیرۆریزم لە عیراق و ناوچەكە بە گشتی، بەداخەوەش تیرۆریزم بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار هەڕەشە لە گەلان و وڵاتانی جیهان دەكات . ئێمەش زۆرمان بە دەستی تیرۆریزمەوە چەشتووە بەڵام لە بەگژداچوونی تیرۆریزم خۆڕاگرین چونكە هیچ رێگەیەكی دیكە نییە بە گژداچوونی تیرۆریزم نەبێت . ئێمە كولتووری لێبووردەییەمان پێڕەو كردو رێگەمان بە ئازادی ئایینی داوەو ئافرەتیش رۆڵی خۆی دەبینێت لە بنیادنانی كۆمەڵەكەمان و دەزگاكانمان و ئەم سیاسەتەو ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستان هەیەتی . ئەوە ئێسە میوانداری 250 هەزلار پەنابەر دەكەین، زۆربەیان كوردی رۆژئاوان هەروەها عەرەب و مەسیحی و هی دیكەیان تێدایە. هەروەها میوانداری 200 هەزار لە برا عەرەبەكانمان دەكەین لە ناوەڕاست و باشووری عیراق كە لە دەستی تیرۆریزم و بۆ دەستەبەركردنی ئەمن و ئاسایش هاتوونەتە كوردستان . نزیكەی 10 هەزار خێزانی مەسیحی لە كوردستان دەژیان، وێڕای ئەم خێزانانەیش 26 هەزار خێزانی دیكە هاتنە كوردستان و بە هۆی تیرۆریزم و بە هۆی ئەوەوە دووچاری كوشتن و تۆقین بووبوونەوە. ئێستە 15 هەزار كەسی دیكەی ناوچەی ئەنباریشی هاتە سەر كە رەوشێكی دژوار بە خۆوە دەبینێت..
ئێمە شانازی بەوەوە دەكەین كە هەرێمی كوردستان ببێتە داڵدەی هەر كەسێك پەنای بۆ دەهێنێت بەڵام لە هەمان كاتدا لە راستیدا بایەخی نێودەڵەتی لە رووی یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانەوە لە ئاستی پێویستدا نەبوو، بە بەراورد لەگەلأ رەوشی پەنابەران لە وڵاتانی دیكە لە ناوچەكەدا.
هەرێمی كوردستان و كورد فاكتەری سەقامگیرین نەك فاكتەری كێچەلأ یان دروستكردنی كێشە. لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ لەگەلأ هێزەكانی دیكە لە عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بنیادنانی دەزگاكانی دەوڵەت و پابەندی دەستورییش دەبین و لە پێناوی هەر هەموو ئەمەیشدا جارێكی دیكە داواتان لێ دەكەم ئێمە پێویستمان بە پشتیوانی و یارمەتی ئێوە هەیە. لەگەلأ ئەوپەڕی سوپاسدا.




