سه‌رچاوه‌یه‌ك : ئه‌مشه‌و قامشلۆ ئازاد ده‌بێت

به‌پێی په‌ره‌سه‌ندنی رووداوه‌كان و چاودێری به‌رپرسانی سیاسی ، له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ تاوه‌كو ئێواره هه‌ردوو شاری دێرك و قامشلۆ له رۆژئاوای كوردستان له‌ده‌ست هێزه‌كانی رژێمی به‌عس ئازاد ببن.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست "رووداو" كه‌وتوون، قایمقامی دێرك بانگی چه‌ند كه‌سێكی كردووه و پێیگوتوون "ئه‌گه‌ر گره‌نتی سه‌لامه‌تی ژیانی من بكه‌ن، شوێنه حكومی و گشتییه‌كان چۆڵ ده‌كه‌ین و ده‌ڕۆین".
به‌ڵام خه‌مگین دێركی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ویفاقی كورد له سووریا ، له لێدوانێكدا بۆ "رووداو" رایگه‌یاند كه هێزه سیاسییه كوردییه‌كان هیچ دانیشتنێكیان له‌گه‌ڵ قایمقام نه‌كردووه ، به‌ڵام "له‌وانه‌یه لایه‌نی كوردی چه‌ند ریش سپیه‌كی بنێرێته لای قایمقام و پێیان بڵێ رۆژێك مۆڵه‌تان ده‌ده‌ینێ خێزانه‌كانتان كۆبكه‌نه‌وه‌و بڕۆن".
دێرك به سه‌رچاوه‌ی نه‌وتی سووریا داده‌نرێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی رمێلان ده‌كه‌ونه سنووری دێرك، له‌به‌رئه‌وه هێزه‌كانی رژێمی سووریا هه‌وڵ ده‌دات ده‌ست له‌و ناوچه‌یه‌ی رۆژئاوای كوردستان به‌رنه‌دات، بۆیه‌ش هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنێك له‌وباره‌وه بكرێت، به‌پێی هه‌ندێ له ده‌نگۆیه‌كان.
خه‌مگین دێرك، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ویفاقی كوردی له سووریا ، له لێدوانێكدا بۆ رووداو رایگه‌یاند: " دوێنی داوایه‌كی له‌م شێوه‌یه له‌لایه‌ن لایه‌نی كوردییه‌وه ئاراسته‌ی رژێمی سووریا كرابوو، ده‌وڵه‌ت گوتبووی ئێوه گره‌نتیمان بده‌نێ ئێمه ئاماده‌ین، كاره‌كه له‌وێ وه‌ستا".
قامشلۆ به سه‌نته‌ری سیاسی رۆژئاوای كوردستان داده‌نرێت و بنكه‌ی سه‌ره‌كی جه‌ماوه‌ریی پارتی دیموكراتی كورد له سووریا (ئه‌لپارتی) و هێزه‌كانی دیكه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورده.
تاوه‌كو دوێنێ هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد و ئه‌نجوومه‌نی گه‌لی رۆژئاوای كوردستان له په‌یوه‌ندیدابوون له‌گه‌ڵ ده‌زگا حكومییه‌كانی رژێمی سووریا بۆ چۆڵكردنی شاره‌كه به‌بێ شه‌ڕ.
خه‌مگین دێرك ده‌ڵێ "نازانم ئاراسته‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌چن، ئه‌گه‌ر فه‌رمانه‌كانی سه‌ره‌وه گوتیان ئه‌و ناوچه‌یه ستراتیژییه به‌تایبه‌تی له‌به‌رئه‌وه‌ی دێرك له‌سه‌ر سنووری دوو ده‌وڵه‌ته، ناوچه‌یه‌كی نه‌وتییه، ئه‌وكات كورد ناچاره به‌هێزێكی سه‌ربازی هه‌وڵی ئازادكردنی بدات.
هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌ن ئێستا له‌وباره‌وه له‌گفتوگۆدان". هه‌روه‌ها گوتیشی "هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌ن سه‌ره‌تا به‌جیا له‌نێوخۆدا گفتوگۆیان كردووه، له‌باره‌ی رێگه و شێوازه‌كانی ئازادكردنی ئه‌و ناوچانه"، هه‌روه‌ها به گوته‌ی خه‌مگین دێرك " ئه‌و هێزه‌ی رۆژئاوای كوردستان كه له هه‌رێمی كوردستان مه‌شقی پێكرابوو، له‌سه‌ر سنووره، ئه‌گه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌ك دروستبوو ئه‌و هێزه ناوچه‌كه كۆنترۆڵ ده‌كات. به‌كورتی ئه‌مڕۆ تاوه‌كو شه‌و هه‌واڵێكی خۆش له‌وباره‌وه ده‌بیستین".
شه‌وی رابردوو ده‌یان گه‌نج له كۆڵانه‌كانی قامشلۆ دروشمیان بۆ پێداهه‌ڵگوتن به پێشمه‌رگه ده‌گوته‌وه، وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ به‌هێوابوونیان به هێزی پێشمه‌رگه.




