رەمزی قارتاڵ: ئۆجەلان دووبارە مۆڵەتی بە حكوومەتی توركیا داوە

بڕوكسل-KDP.info/ سەرۆكی كۆنگرەی گەل رەمزی قارتاڵ لە بارەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا و هەنگاوەكانی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد رایگەیاند كە ئوجەلان و حكوومەت بە شێوەیەكی كاتی لە سەر راگرتنی هەنگاوەكانی قۆناغی چارەسەری رێككەوتوونە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی بیانێت بڵاویكردەوە كە سەرۆكی كۆنگرەی گەل رەمزی قارتاڵ رایگەیاندووە هەر یەك لە ئۆجەلان و حكوومەتی توركیا لە بارەی راگرتنی كاتی هەنگاوەكانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد رێككەوتوونە.
قارتاڵ ئاماژەی بەوە كردووە كە بە هۆی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانەوە ئۆجەلان تا دوای هەڵبژاردنەكان مۆڵەتی بە حكوومەتی ئاكەپە داوە. بە پێ ئەو بڕیارەی ئوجەلان تا كۆتایی مانگی ئادار لایەنی كوردی چاوەڕوانییەكی ئەوەتۆ لە حكوومەتی ئاكەپە ناكات كە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەنگاو بنێت بەڵام دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەوا لایەنی كوردی چی دیكە مۆڵەت بە ئاكەپە ناداتەوە و دەبێ ئاكەپە بە پەلە هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری پرسی كورد بنێت.




