جەواد ئۆنەش: تەنیا بە گۆڕینی دەستوور دەتوانرێ رێگری لە میت بكرێت

ئەنقەرە-KDP.info/ دوابەدوای دەركەوتنی قەیرانی میت و ناردنی چەك بۆ سوریا، جارێكی دیكە لە توركیا دەست بە گفتوگۆ كردن لە سەر پێكهاتەی ئیستیخباراتی توركیا كراوە و چەند كەس ولایەنێك پێیان وایە ئیستیخباراتی توركیا ئەكری خۆی جێبەجێ دەكات، لە بەرامبەریشدا چەند لایەنێكی دیكە پێیان وایە میتی توركیا كاری نایاسایی دەكات و پێویستە رێگری لێ بكرێت.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی بیانێت بڵاویكردەوە كە راوێژكاری پێشووی میتی توركیا جەواد ئۆنەش لە بارەی پرسی دەستبەسەردا گرتنی سێ بارهەڵگری پڕ لە چەك كە بڕیار بوو لە لایەن میتەوە روانەی سوریا بكرێن رایگەیاندووە، میتی توركیا ئەمڕۆ بە شێوەیەكی سەربەخۆ و بەبێ گوێدان بە یاساكان كار دەكات و كەس ناتوانێ رێگری لە میت بكات.
جەواد ئۆنەش ئاماژەی بەوە كردووە كە لە یاساكانی توركیادا هیچ خاڵ یا مادەیەك نییە كە ئاماژە بە چۆنێتی رێگری كردن لە میت بكات بۆیە بۆ ئەوەی میت چی دیكە كار نایاسایی نەكات پێویستە گۆڕانكاری یاسایی بكرێت.
ئۆنەش هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە تا ئەو كاتەی دەستووری نوێ توركیا بەو جۆرەیە بێ كەس ناتوانێ رێگری لە میت بكات و میت بە دڵی خۆی هەڵسوكەوت دەكات. بۆیە بۆ ئەوەی رێگری دووبارە بوونەوەی ئەو كارانەی میت بكرێ و میت نەتوانێ بە دڵی خۆی هەڵسوكەوت بكات پێویستە دەستوورێكی نوێ هەبێت و رێگا بۆ چاودێری كردنی میت خۆش بكات.




