دەست كێشانەوەی بە كۆمەڵ لە ئاكەپە

ئادانا-KDP.info/ لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا بۆ بەشدرایكردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا، پارتی داد و گەشە پێدان بە هۆی ناكۆكییەكانی خۆی لەگەڵ جەماعەتی فەتحوڵلا گولەن و ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵی 17ی كانوونی یەكەمی ئەستەنبۆڵ رووبەرووی ئاڵۆزی بووەتەوە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی دۆغانی توركی بڵاویكردەوە كە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەكانی ئاكەپەدا لە بەرامبەر هەڵوێستی سەركردایەتی ئاكەپە لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی 17ی كانوونی یەكەم، رۆژی دووشەممە سەرۆكی پارێزگای ئادانای ئاكەپە لەگەڵ 50 بەرپرس و ئەندامی دیكەی پارێزگای ئادانای ئاكەپە پێكەوە دەستیان لە ئاكەپە بەرداوە.
سەرۆكی پارێزگای ئادانای ئاكەپە زیادین یاغجی ئاماژەی بە هۆی دەستلەكار كێشانەوەی خۆی و هاوكارانی كردووە و رایگەیاندووە كە لەگەڵ سەركردایەتی ئاكەپە و كۆمیتەی ناوەندی ئاكەپەدا چەندین ناكۆكییان هەبووە كە نەیانتوانیوە چارەسەریان بكەن بۆیە دەستیان لە ئاكەپە بەرداوە.
یاغجی ئاماژەی بەوە كردووە كە چۆنێتی دەستنیشان كردنی پاڵێوراوانی پۆستی سەرۆك شارەوانییەكان و هەڵوێستی سەركردایەتی ئاكەپە لە بەرامبەر گەندەڵی و گەندەڵكاراندا هۆی سەرەكی دەستلەكار كێشانەوەكەن.




