موئەیەد تەیب: دەبێت هەموو لایەنەكان ئەوە قبوڵ بكەن كە ئێمە دەوڵەتێكی فیدڕاڵین نەك دەوڵەتێكی ناوەندی

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە بە بیرێكی شۆڤێنی لە عێراق بوونی هەیە كە وا نیشان دەدەن گوایا هەرێمی كوردستان پابەندی هیچ رێنمایی و یاسایەكی عێراقی نییە بەڵام لەراستیدا هەرێمی كوردستان لە زۆرینەی پارێزگاكانی عێراق پابەندترە.
موئەیەد تەیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستان بۆkdp.info گوتی : بەشێك لە میدیای عەرەبی و هێزە سیاسیەكان وەها نیشان دەدەن كە هەرێمی كوردستان هیچ هەژمارێك بۆ حكومەتی عێراقی ناكات و تەنها بودجە وەردەگرن و هەرێمی كوردستان بۆتە دەوڵەتێك لەناو دەوڵەت و پابەندی هیچ بڕیار و رێنماییەك نابێت ئەمە بۆچونێكە لە بیرێكی شۆڤێنیە سەری هەڵداوە بەڵام لە راستیدا هەرێمی كوردستان زۆر پابەندتر بووە لە یاسا و رێنمایی و دەستوری عێراقی لە هەندێ پارێزگای عێراق كە هەرێمیش نین بەڵام هەرێمی كوردستان ئەوە قبوڵ ناكات كە حكومەتێكی ناوەندی لە بەغدا هەبێت و هەموو بڕیارەكان لەدەستی ئەواندا بێت.
گوتیشی: دەستوری عێراقی جەخت لەسەر یەكسانی و رێكەوتن و هاوبەشی لەنێوان لایەنەكان دەكات و پرۆسەی سیاسی بەهۆی هەبوونی ئەو دەستوورەوە راگیراوە ئەگەر بێت و پێشێل بكرێت ئەوا رەوشێكی وەكو ئەوەی ئێستا لە عێراق لە ئارادایە دروست دەبێت بەڵام دەبێت سەرجەم لایەنەكان ئەو راستیە قبوڵ بكەن كە ئێمە لە دەوڵەتێكی فیدڕاڵین نەك دەوڵەتێكی ناوەندی ئەوەی پێشوو هەبوو ئێستا قبوڵ ناكرێت.




