٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نەجیبە نەجیب: بەبێ پرسی حكوومەتی هەرێم حكوومەتی عێراقی بڕیاری هەناردەكردنی رۆژانە 400 هەزار بەرمیلی داوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / هەرچەندە تاوەكو ئێستا ئەنجامی كۆبونەوەو دانوستاندنەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق سەبارەت بە پرۆژە بودجەی ئەمساڵی عێراق و پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان روون نییە, بەڵام بەپێی گوتەی ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حكوومەتی عێراق بەبێ گەڕانەوەو پرس كردن بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری هەناردەكردنی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستانی داوە.

نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی و هاوپەیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكیدا بۆ kdp.info گوتی: چەند رۆژێكە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق گەیشتۆتە پەرلەمانی عێراق و سەرۆكایەتی پەرلەمان رەوانەی لیژنەی دارایی و ئابووری و لیژنە پەیوەندیدارەكانی تری كردووە پرۆژە یاساكە بە 163 ترلیۆن 616 ملیار دینار خەمڵێنراوە و بەشی هەرێمی كوردستان لەو بڕە بریتیە لە 19 تریلیۆن و 707 ملیارە لەسەر هەناردەكردنی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەنرخی 90 دۆلار و لەسەر هەرێمی كوردستان سەپێنراوە كە دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكوومەتی عێراقی بكات و لەرێگای كۆمپانیای سۆمۆ راستەوخۆ دەفرۆشرێت.

ناوبراو گوتیشی: گرفتی هەرە گەورەی ناو پرۆژە بودجەی ئەمساڵ بریتیە لە سەپاندنی هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن هەرێمی كوردستان كە بەبێ پرسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو خاڵە دانراوە واتا رای هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە وەرنەگیراوە هەروەها ئەو بابەتەش لەگەڵ بابەتی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لێكدراوە ئەگەر بێت و هەرێمی كوردستان پابەندی نەبێت ئەوا لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار