قایمقامی دووزخورماتوو: سەردانەکەی شەهرستانی بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن بوو

دووزخورماتوو - KDP.info/ سەردانەکەی حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە بۆ دووزخورماتوو زیاتر بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن بووە و هێزەکانی سەر بە شەهرستانیش ئیستفزازی خەڵکی ناوچەکەیان کردووە . شەلال عەبدول قایمقامی قەزای دووزخورماتوو بە KDP.infoی راگەیاند: سەردانەکەی حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دووز خورماتوو لە پروپاگەندەی هەڵبژاردنەوە بترازێ هیچی دیکەی بەدواوە نەبوو. شەهرستانی چەکی قەربووی بە بڕی نزیکەی 19 ملیار دینار هێنابووە بەشی یەکەمی بەسەر زیالێکەوتووانی ناوچەکە دابەشکرا . قایمقامی دووزخورماتوو ئەوەشی راگەیاند هێنانی ئەو چەکی قەربوو لە رێگای شەهرستانییەوە پێویست نەبوو. چوونکە رێوشوێنی ئیداری خۆی هەیە. هەروەها لە کاتی سەردانیدا شەهرستانی دەیان یەکەی سەربازی هێنابوو وەک بڵی نمایشی سەربازی لە دووزخورماتوو بکات ، مامەڵەی خراپی پاسەوانەکانی چەندین کێشەی لێکەوتەوە بووە هۆی نارەزایی دانیشتوانی دووزخورماتوو. لە کۆتاییدا شەلال عەبدول گووتیشی: بریار بوو شەهرستانی کۆبوونەوەمان لە گەڵ ساز بکات لە بارەی کەموکورییەکانی قەزاکە گووی لەداواکرییەکانمان بگرێ کەچی لەسەر پێ بۆ ماوەی سێ دەقە وتەیەکی پێشکەشکرد دەست بەجێ گەڕایەوە بەغدا . کە ئەمەش بۆ ئێمە جێگای پرسیار بوو.




