22 هەزار خێزان لە پارێزگای ئەنبار ئاوارە بوون

ئەنبار - KDP.info/ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی رایگەیاند كە بیست و دوو هەزار خێزان لە پارێزگای ئەنبار ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، روونیشیكردەوە كەبۆ حەوانەوەی ئەم خێزانانە ئامادەن لە پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان خێوەتگەیان بۆ بكەنەوە .
نەجمان دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەران لە لێدوانێكیدا بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند كە وەزارەتەكەیان ناوی نزیكەی بیست و دوو هەزار خێزانی لە پارێزگای ئەنبار تۆمار كردووە كە ماڵ و حاڵی خۆیان بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی ئەم پارێزگایە جێهێشتووە، كە دە هەزار خێزان لەناو ئەنبارو دوازدە هەزار خێزانیش لە پارێزگاكانی بابل و كەربەلا و تكریت و هەرێمی كوردستان جێنشینن .
دۆسكی روونیكردەوە كە وەزارەتەكەیان ئامادەیە بەهەماهەنگی لە گەڵ پارێزگای ئەنبار و وەزارەتی بەرگری عێراق كە كەل و پەلی خۆراك و پۆشاك بە سەر ئەو خێزانانە دابەش بكات .
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق روونیشیكردەوە كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لەو خێزانە ئاوارانە كردووە و ئێستا لەنێو باڵەخانەكان و قوتابخانەكان جێنشینن و راشیگەیاند كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران ئامادەیە بە هەماهەنگی لە گەڵ كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەموو پارێزگاكان ژمارەیەك خێوەتگا بكاتەوە.




