فۆڕمی دامەزراندن بە دەرچووانی ناوەندی و سەرەتایی و خوێندەوار و نەخوێندەوار دەدرێت

دووشەمەی داهاتوو دواقۆناغی دابەشکردنی فۆڕمی دامەزراندن دابەش دەکرێت کە تایبەتە بە دەرچووانی ناوەندی و سەرەتایی و خوێندەوار و نەخوێندەوارەکان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو تەلاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی، جێبەجێکاری پڕۆسەی دامەزراندن لە سلێمانی، مەحموود عوسمان، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی دووشەمە داهاتوو، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی فۆڕمی دامەزراندن بەسەر دەرچووانی ناوەندی و سەرەتایی و خوێندەوار و نەخوێندەوارەکان. بەپێی فۆڕمێک و پیتەکان جیا کراوەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن فۆڕمەکە وەربگرن".
مەحموود عوسمان گوتی: "ئەوانەی تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵییەوەیە فۆڕمی دامەزراندنیان نادرێتێ، چونکە بەپێی یاسا دەبێت تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر نەبێت. بۆ دەرچووانی ناوەندی و سەرەتاییش هەمان ئەو بنکانەی فۆڕمی دامەزراندمان بۆ دەرچووانی زانکۆکان دابەش دەکرد، دەبێت سەردانی ئەوێ بکەن ئەوەیش بەپێی پیتی ناوەکانە".
جێبەجێکاری پڕۆسەی دامەزراندن لە سلێمانی، زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی ئەوانەیشی خوێندەوار و نەخوێندەوارن، دەتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە فۆڕمی دابەشکردنی دەرچووانی پەیمانگاکانمان تێیدا دابەش دەکرا.
هەروەها گوتیشی لە هەموو قەزایەکدا دوو بنکەی دابەشکردنی فۆڕم هەیە، یەکێکیان بۆ دەرچووانی سەرەتایی و ناوەندییە، ئەوی دیکەیشیان بۆ نەخوێندەوار و خوێندەوارەکانە.




