سوپا لەهەوڵی وەرگرتنەوەی هەموو ناوچەكانی رومادی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان

ئەنبار - KDP.info/ سەرچاوەیەك لەسوپای عێراق رایگەیاندوە هێزەكانیان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی سەربازی بەرفراوان بۆ وەرگرتنەوەی هەموو ئەو شوێنانەی كە لەچەند هەفتەی رابردوودا لەژێر دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكاندا بووە.
محەمەد عەسكەری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رایگەیاند هەڵمەتەكە بەپشتیوانی فڕۆكەی جەنگی و لەلایەن هێزی پیادەی عێراقەوە دەستپێدەكات كە ئامانج لێی پاككردنەوەی سەرجەم ناوچەكانی سنوری پارێزگای رومادیە.
لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی سەربازی لەسوپای عێراق بێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات لەسەر هێرشەكان رایگەیاندوە لە چەند هێرشێكی ئاسمانیدا بۆ چەند پێگەیەكی گروپە چەكدارەكانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە قەزای فەلوجە سەر پارێزگای عێراق توانراوە چەند پێگەیەكی گروپە چەكدارەكان لەناو ببەن.
هەروەها ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە بەم زوانە بەسەرپەرشتی نوری مالیكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سوپایەك لە عەشایەرەكانی ئەو ناوچانە پێكدەهێنرێن كە پێشتر گروپە چەكدارەكان هێرشیان كردبوە سەر.




