پارتە كوردییەكانی سوریا پشتگیری لە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەكەن

هەولێر-KDP.info/ پارتە كوردییەكانی سوریا پێیان وایە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی جنێڤ2 هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنییە.
لەم بارەیەوە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا نوری بریمۆ بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: بڕیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی جنێڤ2 بڕیارێكی ئەرێنییە.
بریمۆ گوتی: پارتە كوردییەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نیشتمانی كورد لە سوریادا كۆ بوونەوە و بڕیاریان داوە لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا بەشداری لە كۆنفرانسی جنێڤ2 بكەن چونكە هاوپەیمانی نیشتمانی كورد بەشێكە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا. كوردیش وەكو گروپە ئەتنیكییەكانی دیكەی دژی رژیمی بەشار ئەسەد، بەشێكی گرنگی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، بۆیە داوەت كردنی كورد وەكو لایەنی سێیەم بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی جنێڤ2 زۆر گرنگ نییە.
بریمۆ لە وەڵامی رەخنەكانی سەرۆكی پەیەد سالح موسلێمدا كە گوتبووی دەیانەوێ بە داوەت نەكردنی پەیەدە لۆزانێكی دیكە لە سەر كورد فەرز بكەن گوتی: پێویستە هەر كەس ئەوە بزانێ كە كۆنفرانسی جنێڤ2 بۆ كورد ساز نەكراوە بەڵكو بۆ چارەسەر كردنی قەیرانی سوریا رێك دەخرێ، بۆیە بەو جۆرەی كە هەندێ كەس و لایەن ئیدیعا دەكەن جنێڤ2 نابێتە زەمینەی سەپاندنی لۆزانی دووەم بە سەر كورددا.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆكی پارتی ئازادی سوریا مستەفا جومعە گوتی: ئێمە پشتگیری لە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی جنێڤ2 دەكەین. بارودۆخی سوریا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپ بوون دەڕوا، ئێتر پێویستە هەر كەس بزانێ كە چارەسەری قەیرانی سوریا بە رێگای سەربازی مومكێن نییە، بۆیە بۆ چارەسەری سیاسییانەی قەیرانی سوریا رەنگە كۆنفرانسی جنێڤ2 بتوانێ دەرفەتێكی باش بێ.




