٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داودئۆغڵو: پەیەدە هەڵەی گەورەی كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئادانا-KDP.info/وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵو لە میانی بەشداریكردنی لە شەشەمین كۆنفرانسی باڵیۆزان، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: رژیمی سوریا هەوڵ بۆ ناوزڕاندن و پەراوێز خستنی كۆنفرانسی جنێڤ2 دەدا.

داودئۆغڵو گوتی: ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری بەشداریكردن لە كۆنفرانسی جنێڤ2 داوە، بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بڕیارێكی بەو جۆرە بدا رۆلی توركیا و وڵاتانی دوستی سوریا زۆر گرنگە، چونكە توركیا و وڵاتانی دوستی سوریا بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بەشداری لە كۆنفرانسی جنێڤ2 بكات زۆر هەوڵیان داوە.

داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد كە لە نێو ئۆپۆزسیۆنی سوریادا زۆربەی زۆری پێكهاتە ئەتنیكی و سیاسییەكانی سوریا بەشدارن بۆیە لە كاتی كۆنفرانسەكەدا تابلۆیەكی فرە رەنگی سوریا ئامادە دەبێ بۆیە ئەگەر لایەنەكان نیازپاكی خۆیان نیشان بدەن ئەوا دەتوانرێ دەسەڵاتێكی سیاسی بۆ سوریا دابمەزرێ.

داودئۆغڵو جەختی لەوە كردەوە توركیا دەرگای خۆی بۆ هیچ گروپێكی دژی رژیم دانەخستووە، بەڵام پەیەدە دوای بەكار هێنانی چەكی كیمیایی لە لایەن رژیمەوە وای زانی رژیمی دووبارە بەهێز بووەتەوە، بۆیە بە شێوەیەكی ئۆرگانیك زۆربەی جاران پەیەدە لە دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە پاڵ رژیمدا جێگای گرتووە. ئێمە وەكو توركیا پێمان خۆشە كە كوردیش بەشداری لە كۆنفرانسی جنێڤ2 بكا. بەڵام پەیەدە دەڵێ دەبێ تەنیا من لە سەر ناوی كورد بەشداری لە كۆنفرانسی جنیڤ2 بكەم. بۆیە ئەگەر پەیەدە تا ئێستا هەڵوێستی خۆی بە ئاشكرایی دەربڕی با ئەوا پەیەدەیش داوەتی جنێڤ2 دەكرا، بەڵام پەیەدە پێوایە كە هاوكاری كردن لەگەڵ رژیمی سوریادا سوود بۆ ئەوان زۆرترە تا بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی جنیڤ2.

لە بارەی بۆڕی نەوتبەری هەرێمی كوردستانیشەوە داود ئۆغڵو گوتی: ئەو جۆرە پرۆژە گەورانە پێویستیان بە سەبر و ئارامی هەیە، ئاواتە خوازم هەولێر و بەغدا بتوانن لە نێوان خۆیاندا كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار