گرێبەستی دروستكردنی پرۆژەی بەنداوی زەڵان لە پارێزگای سلێمانی ئیمزاكرا

سلێمانی- KDP.info/ لە میانی پرۆژەكانی تایبەت بە دروستكردنی ژمارەیەك بەنداو لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوەوە، كە بۆ بووژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و چارەسەركردنی دیاردەی وشكەساڵی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن، ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەت،پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سالار ئەیوز عەلیاری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای (ئۆ-یول)ی كەرتی تایبەت بە ئامادەبوونی حوسێن جەلالی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ئەب نیرۆ، گرێبەستی دروستكردنی پرۆژەی بەنداوی زەڵانیان لە پارێزگای سلێمانی ئیمزاكرد، لە رێوڕەسمی مۆركردنی گرێبەستەكە كە هەردوو بەڕێوەبەرانی گشتی بەنداوو كۆگاكانی ئاوو پلان و بەدواداچوون ئامادەی بوون، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوە كرد كە وەزارەت سوورە لەسەر ئەنجامدانی پرۆژەكان لەسەر بنەمای كێبڕكێ و شەفافیەت چونكە ئامانجی سەرەكیی وەزارەت دابین كردنی ئاساییشی ئاوو خۆراكە و تەرخانكردنی پرۆژەكان بۆ زیادكردنی بەرهەم، لەلای خۆیانەوە بەڕێوەبەری گشتیی هەردوو كۆمپانیا دووپاتیان كردەوە كە ئامادەن بە پابەندبوون بە رێنماییەكانی وەزارەت و تەواوكردنی پرۆژەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆیداو لەسەر بنەمای كوالیت و پێوانەی جیهانی،هەروەها ئاماژەیان بەوەكرد كە ئامانجی كۆمپانیاكانیان بەشداریكردنە لە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان،شایانی باسە پرۆژەی بەنداوی زەڵان بە گوژمەی 23،977،717،449 بیست و سێ ملیارو نۆ سەد و حەفتاو حەوت ملیۆن و حەوت سەد و حەڤدە هەزار و چوارسەد و چل و نۆ دینار) لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت،بەرزیی بەنداوەكە 36 مەترەو وپانییەكەی هەشت مەتر و نیوە، دوای تەواوبوونی پرۆژەكە لە توانایدایە 30،000،000 م3 ئاو گل بداتەوە،ماوەی تەواوكردنی بەنداوەكەش 1095 رۆژە،مەبەست لە دروستكردنی پرۆژەی بەنداوی زەڵان لە پارێزگای سلێمانی،سوود وەرگرتنە وێڕای بەراوكردنی رووبەرێكی فراوانی زەوی،لە هەمان كاتدا سیمایەكی جوانی گەشتوگوزاریی بە ناوچەكە دەبەخشێت كە دواتر وەك پرۆژەیەكی گەشتوگوزارییش سوودی لێ وەردەگیرێت،سەرباری بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی،شایانی باسە تا ئێستا بە دەیان بەنداوو پۆند لە هەرێمی كوردستان دروستكراون و دەیانی دیكەش لە بواری جێبەجێكردندان.لەلایەكی دیكەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی لە دكتۆر یوسف شتاینەر بەڕێوەبەری كۆمپانیای نۆری ڤیت –ی نەمساوی و شاندێكی باڵای یاوەری كە لە ستافێكی ئەندازیاران و راوێژكاران پێكهاتبوو، لە دیدارەكەدا كە بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون ئامادەی بوو،باس لە بوارەكانی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان هەردوولا كرا،كۆمپانیای ناوبراو باس لە پرۆژەیەك كرد تایبەت بە تەرخانكردنی بڕێك لە پەیینی ئۆرگانی كە هیچ ماددەیەكی زیانبەخشی تێدا نییە، سەرەتا وەكو تاقیكردنەوە (20)تەن لەم پەیینە بەسەر جووتیارانی هەرێمی كوردستان بە خۆڕایی دابەش دەكرێت،تاكو دواتر بگەنە ئەنجام سەبارەت بە سوود و مەفای ئەم پەیینە و گونجانی لەگەڵ زەوی و سروشتی كوردستان دواتر كارگەیەكی بەرهەمهێنانی پەیین لە هەرێم دابمەزرێنن،لەلای خۆیەوە پرۆفیسۆر بابان جەختی كردەوە كە وەزارەت ساڵانە پەیین بەسەر جووتیاران دابەش دەكات و پشتیوانیش لەو كۆمپانیایانە دەكات كە بە كوالیتی بەرز و كێبڕكێ پرۆژەكان بە هاوكاریی وەزارەت جێبەجێ دەكەن و داواشی كرد كە ستافی تەكنیكاری هەر دوولا بەیەكەوە گفتوگۆ بكەن بە مەبەستی دانانی میكانیزمێك بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی دابەش كردنی ئەو بڕە پەیینە،كۆمپانیای نۆری ڤیت –ی نەمساوی بارەگاكەی لە نەمسایەو لقی لە دوبەی و هەرێمی كوردستان و چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاو باكووری ئەفریقیا و ئاسیا هەیە.




