لە بەغدا 4 ئۆتۆمبێل تەقێندرانەوەو 14 كەس كوژراو 55ی دیكە بریندار بوون

بەغدا - KDP.info/ بەپێی سەرچاوەكانی پۆلیسی عێراقی لە ئاكامی چەندین هێرشی مووشەكی و تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو لە بەغدا 14 كەس بەلایەنی كەم كوژران و 55 كەسی دیكەش بریندار بوون .
شەوی رابردوو چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە تەقێندرانەوە و چەندین هێرشی دیكەشیان بە مووشەك ئەنجامدا، تەقینەوەكان ناوچەی تۆپچی و مەنسور و گەرەكی زانكۆ و سەرافییەی گرتەوە بەپێی گوتەی پۆلیس یەكێك لەو هێرشانە، هێرش كردنە سەر بەندنخانەی نەوجەوانان بوو لە ناوچەی تۆپچی كاتێك پاسەوانی بەندینخانەكە كوژرا و چواری دیكە بریندار بوون و 20 بەندكراویش ئازادكران .
هەروەها لە ئاكامی تەقینەوەیەكی خۆكوژیدا لە قەزای خالیدییەی رۆژهەڵاتی رومادی حەوت كەس لە پۆلیس و كارمەندانی هێزەكانی صەحوە بوونە قوربانی . لەمبارەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی ئەخبارییەی راگەیاند كە كەسێكی خۆكوژ بە پشتێنەیەكی بۆمبرێژكراوەوە خۆی بە هێزێكی هاوبەشی صەحوەو پۆلیس لە سەر پردی صەدیقییەی باكووری قەزای خالیدیە تەقاندەوە لە ئاكامدا دوو كەس كوژران و پێنجی دیكە بە سەختی بریندار بوون .
لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی ئەمنی بەئاژانسی هەواڵی ئەخبارییەی رایگەیاند كە هێزێكی هاوبەش كە لە سوپا و پۆلیس پێكهاتبوون، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنێكی گەران و پشكنینیان لە قەزای دۆر و ناحیەی عەلەم لە رۆژهەڵاتی تكریت دەستپێكرد، لە ئاكامی ئەم هەڵمەتەدا بەپێی مادەی چواری یاسای نەهێشتنی تیرۆر دوازدە داواكراو دەستگیركران، دواتر ئەم داواكراوانە بۆ بنكەیەكی لێكۆڵینەوە گوازرانەوە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە گەڵیان .




