سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆماری نەمسا كۆبووەوە

نەمسا – KDP.info/ لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا؛ ئێوارەی رۆژی هەینی سەركۆماری نەمسا هاینز فیشەر لە كۆشكی كۆماری پێشوازی لە بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد و كۆبوونەوە.
دواتریش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش بۆ سەرۆك كۆماری نەمسا و سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێكخرا و تیایدا ناوەرۆكی كۆبوونەوە و چەند پرسێكی دیكە خرانە روو.
لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بارەی ئەو سەردانەی بۆ نەمسا گوتی: پێش ئەوەی هانز فیشەر ببێتە سەركۆمار، دۆستی ئێمەیە، زیاتر لە 30 ساڵە دۆستین، بۆیە ئەم سەردانە سەردانی دۆست بۆ لای دۆستە.
بەرێز سەرۆك بارزانی گوتیشی: چاوپێكەوتنەكەمان زۆر دۆستانە بوو، لە بارەی چەندین پرس و بابەتی گرنگ و رەوشی ناوچەكە و جیهانەوە گفتوگۆمان كرد، بیروڕاكانمان لە یەكتر نزیكن.
لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی: ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی دانووستان و گفتوگۆن و هیوادارم بتوانن لە رێگەی گفتوگۆوە كێشەكان چارەسەر بكەن.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆك كۆماری نەمسا خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربڕی.




