ئەشواق جاف: ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمان پێچەوانەی ماددەی 135ی پەیڕەوی ناوخۆ مامەڵەی كرد

بەغدا- KDP.info/ نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: بەبێ ناردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2014 بۆ لیژنەی تایبەتمەند و هەوڵدانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەكەم پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانە و ئەمڕۆش كورد نەچووە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و كۆبوونەوەكە بەهەڵپەسێردراوی مایەوە.
ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی، بە KDP.infoی راگەیاند: سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجێفی ئەمڕۆ 16كانوونی دووەم، ویستی رەشنووسی بودجەی ئەمساڵی عێراق بیخاتە خشتەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێ، ئەمە پێچەوانەی ماددەی 135ی پەیڕەوی ناوخۆیە كە باس لەوە دەكات هەر رەشنووسێكی یاسا كە دێتە پەرلەمان پێویستە ئاراستەی لیژنەی تایبەتمەند بكرێ بۆ ئەوەی لێبكۆڵنەوە دواتر بخرێتە خشتەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانەوە.
ئەوەشی گوت، بۆ ئەوەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ رەشنووسی پرۆژە یاسای بودحەی 2014 بكات لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبوویەوە و نەگەیشتنە رێكەوتن و ئێمەش وەك كورد نەچووینە هۆڵی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بۆ ئەوەی رێژەی تەواوی دەنگدان تەواو نەبێ.
باسی لەوەش كرد، مەبەستی بەشداری نەكردنی كورد لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەمڕۆی بۆ ئەوە بوو كە پرۆژە یاساكە پێشتر رێگە چارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە رەنگە بەم شێوەیە بێ ببێتە هۆكارێك بۆ موزایەدەی سیاسی و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.
زیاتر گوتی، تێپەڕاندنی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی 2014ی عێراق ئەنجوومەنی وەزیران ئێمەی تووشی سەرسوڕمان كرد، لەبری ئەوە چاوەڕوانی ئەوە بووین كە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد بكات بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی لەسەردانی پێشوو لەمجاردا لەسەری رێكبكەون، كەبۆخۆی بەڵگەی ئەوەیە حكوومەتی ناوەندی نایەوێ كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند چارەسەر بكرێن.
ئاماژەی كرد كە ناردنی بودجەی 2014ی عێراق بەو هەموو كەموكوڕیانەوە بۆ پەرلەمان كارەساتە، چونكە ساڵی رابردوو لەكاتی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا هەمان تێپەڕاندنی بودجە روویدا بەبێ رەزامەندی كورد، كورد نایەوێ هەمان سیناریۆ دووبارە بێتەوە و داواكارم شاندی كوردی سەردانی بەغداد بكە ن بۆ چارەسەری كێشەكان.
ئەشواق جاف ئەوەشی گوت، نیازەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیارە لەتێپەڕاندنی بودجەی ئەمساڵ بەبێ رەزامەندی كورد كە دەیەوێ رای شەقامی عێراقی بەلای خۆیدا رابكێشێ، ئەویش وەك قەرەبووكردنەوەیەك بۆ لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا لەزۆربەی پارێزگاكان متمانەی لەدەستدا، هاوكات لەرێی ئەو كردە سەربازیانەی لەئەنبار ئەنجامیدەدات دەیەوێ كارێك بۆ گەڕانەوەی متمانە بكات.




