پەیامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی بە بۆنەی پانزدە ساڵەی دامەزراندنی کورستان تیڤی

بەر لە پانزدە ساڵ کوردستان تیڤی وەکو دەسکەوت و هەنگاوێکی بوێرانە و نوێ لە نێو راگەیاندنی کوردستان دەستی پێکرد، بۆیەکەمینجار لە سەر خاکی کوردستاندا، کەنالێکی ئاسمانی دامەزرا و بووە یەکەمین مینبەر بۆ گەیاندنی دەنگ و خواست و واقیعی کوردستان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەهەموو دونیا. ئەمە هەر تەنیا دەستکەوتێکی گەورەو مێژووی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، بەڵکو شۆڕش و دەستکەوتێکی گرانبەهای گشت راگەیاندنی کوردستانیش بوو. چونکە ئەمە ئەزموونی یەکەم بوو، لە کوردستانی ئازاد و بە توانا و لێهاتوویی و کادری کوردیی و رۆژنامەنووسی کوردستانی هەواڵ و دەنگوباسی کوردستان بگەیەنرێتە سەرتاسەری دونیا. لەهەمان گاڤیشدا کوردستان تیڤی گۆڕانکاری چارەنووسازی بەسەر بوار و رەوشی راگەیاندن داهێنا و لە راگەیاندنی لۆکالی و ناوچەیی، گوستییەوە بۆ دەستپێکردنی راگەیاندنی جیهانی.
لەیادی بەرز و پڕشنگداری پانزدە ساڵەی دامەرزاندنی کوردستان تیڤی، پیرۆزبایی گەرم و رێز پێشکەشی بەرێوەبەر و سەرجەم کارمەند و کادرە ماندوو نەناسەکانی دەکەین، لەم یادەدا جەخت لەسەر کاری پیشەیی و رێزگرتن لە ئازادی بەرانبەر و پەرەپێدانی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ژینگە پارێزی و دیموکراسی لە کوردستان دەکەینەوە، وەکو هەمیشەش جێگەی رێزە کە ئەم کەنالە پیشەیی و واقیعانە و دووربینانە مامەلەی لە گەڵ رووداوەکانی کوردستان و پێشهاتەکان کردووە. لەهەمان کاتیشدا بەردەوام کاری کردووە، هەر بەتەنیا دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێشەنگ و خاوەنی شۆڕش و بەرخوەدان و بەرێوەبردنی حکوومدری لە ئێستەی هەرێمی نەبێت، بەڵکو مینەر و داکۆکی کەریش بووە لە مافە رەواکانی گەلی کورد لەهەموو پارچەکانی کوردستان و سەرجەم پێکهاتە جیاکان بووە، هەمیشەش وەکو دەزگایەکی گرینگیش کاری کردووە بایەخ بە هوشیاری نیشتیمانی و پەرەپێدانی گیانی کوردایەتی و مەسەلە چارەنووسازەکان بدات. ئەمەش وایکردووە کە کورستان تیڤی متمانەی گوێگر و خەڵک بێت و بەیەکێک لە کەنالە راستگۆ و جێ بڕوایەکانی کوردستان دابنرێت. بۆیە ئەم کەنالە نەیوستووە بە روکەشانە و وەکو دیاردەی کاتی مامەلە لەگەڵ رووداوەکان بکات، بۆیەشە ئارامی و سەقامگیری بەکارەکانییەوە دیارە.
لەم یادەدا پێویستە بیر لە کاری سەردەمیانەی پتر و گونجان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنیکی و هونەری و رۆژنامەنووسی بکرێتەوە، هەروەها ئەم مینبەرە نیشتیمانییە، بەردەوام لە نوێ بوونەوە و گەشەکردن بێت، تاکو باشتر خزمەتی قۆناغەکانی داهاتوو بکات.
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و ئومێدەوارین، لە هەنگاوەکانی داهاتوودا، پێگە و متمانە و کاری پیشەیانەی کوردستان تیڤی هەر بەرز و جێگەی بایەخی بینەر و جەماوەری کوردستان بێت. کوردستان تیڤی ئەو مینبەرە گەرم و پڕ بڕشتە بێت کە بینەر و خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی لێدەکەن. ماڵی کوردستانیان بە دەنگ و رەنگی ئەم کەنالە کوردستانییە هەمیشە روناک و پڕ ئومێد و بڕوابەخۆبوون بێت.
جاریکی دیکەش پیرۆزە و هەر سەرکەوتوو بن
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
16-1-2014

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
