پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق گەیشتە پەرلەمان

بەغدا- تایبەت بەkdp.info/ ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق گەیشتە پەرلەمان، کە دوێنێ لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکرا.
نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەkdp.infoراگەیاند: ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەوانەی پەرلەمانکرا و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان سەرۆکایەتی پەرلەمان پڕۆژە یاساکە رەوانە لیژنەی دارایی دەکات بۆ تاوتوێکردنی.
نەجیبە نەجیب گوتیشی: ئێمە لەو پڕۆژە یاسایە رازی نین کە ھەندێک خالی دژی بەرژەوەندییەکانی کوردی تێدایە و ھەڕەشەی بڕینی 17% بودجەی ھەرێمی کوردستانی تێدایە.
نەجیب رونیشکردەوە، ئێمە ھەموو رێگا یاسایی و دەستورییەکان دەگرینە بەر بۆ ئەوەی مافەکانی کورد لەو پڕۆژە یاسایە جێگیر بکرێن.
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەبێ رەزامەندی کورد پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد، وەزیرە کوردەکانیش دەنگیان بەو پڕۆژە یاسایە نەدا و ھۆلی کۆبوونەوەیان بەجێھێشت.




