میت: هیچ پەیوەندییەكمان بە رووداوەكەی پاریسەوە نییە

ئەنقەرە-KDP.info/ دوای بڵاوبوونەوەی چەند بەڵگە و تۆماری دەنگی تاوانباری كۆشتنی سێ ژنی چالاكی كورد لە پاریس، راگەینرا كە ئیستیخباراتی توركیا ( میت) راستەوخۆ دەستی لەو رووداوەدا هەبووە. بەڵام میتی توركیا ئەو جۆرە لێدوانانە رەت دەكاتەوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بڵاویكردەوە كە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە گوایا میتی توركیا راستەوخۆ دەستی لە رووداوەكەی پاریسدا هەبووە و تاوانبار عومەر گونای لەلایەن میتەوە ئەركدار كراوە، بەڕێوەبەرایەتی میتی توركیا لە راگەینراوێكدا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە.
میت لە راگەینراوەكەی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بەو رووداوەوە نەبووە و هیچ كەسێكیشی بۆ ئەنجامدانی ئەو رووداوە ئەركدار نەكردووە، ئامانجی ئەو جۆرە دەنگۆیانە تێكدانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و تەشهیر كردنی میتی توركیایە چونكە میتی توركیا بۆ رەخستاندنی دەرفەتی چارەسەر كردنی پرسی كورد و بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتەوایی رۆلێكی یەكجار گرنگی بینوە، بۆیە بەو جۆرە دەنگۆیانە دەیانەوێ قۆناغی چارەسەری تێك بەرن و میتی توركیا لە گێڕانی رۆلی خۆی لەو قۆناغەدا پاشگەز بكەنەوە.




