٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەشواق جاف: رێگرییەكانی بەغدا لەناردنە دەرەوەی نەوت بۆتوركیا پێشێلكردنی ماددەی 112ی دەستوورە

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا-KDP.info/ ئەندامێكی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: رێگرییەكانی بەغدا لەناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێی خاكی توركیاوە پێچەوانەی ماددەی 112ی دەستووری عێراقە كەماف بەهەرێم دەدات بەشداری بكات لەكارگێڕی دۆسیەی نەوتدا.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەری گونجاوی دۆزیوەتەوە بۆكێشەی دۆسیەی نەوت، بەبەڵگەی ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەرەنتی دڵنیایی داوی بەحكوومەتی ناوەندی بەوەی پارەی نەوتی فرۆشراو لەژێر چاودێری هەردوو حكوومەتدا دەبێ، بەڵام حكوومەتی ناوەندی بەردەوام هەوڵەدات كە ماددەی 112ی دەستوور پێشێل بكات بەوەی رۆڵی پارێزگا و هەرێمەكانی بەرهەم هێنەری نەوت لابەرێ و بەدەستێكی ئاسنینەوە دەستی گرتووە بەسەر دۆسیەی نەوتدا.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە ماددەی 112ی دەستووری عێراق بەروونی باس لەرۆڵی پارێزگا و هەرێمەكانی بەرهەمهێنەری نەوت دەكات، لەبڕگەیەكیدا دەقی لەسەر ئەوەیە كە حكوومەتی ناوەندی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمەكان و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوتدا دۆسیەی نەوت و غاز بەرێوەدەبەن لەكێڵگەكاندا، بەوەی پارەكەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێ كەبگونجێ لەگەڵ دابەشبوونی دانیشتواندا لەهەموو بەشەكانی وڵات، لەگەڵ دیاریكردنی بەشێك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بۆ هەرێمە زیان لێكەوتووەكان كە بەشێوەیەكی دڕندانە لەلایەن رژێمی پێشووەوە لێی بێبەش كرابوون و دواتر زیانیشیان پێگەیشتووە، كەلەرێیەوە بتوانرێ گەشەكردنی هاوسەنگی ناوچە جیاوازەكانی وڵاتی لێبكەوێتەوە" بەڵام حكوومەتی ناوەندی دەیەوێ بەتەنیا دەست بەسەر دۆسیەی نەوتدا بگرێ بەبێ بەشداری هەرێم و پارێزگاكان.

باسی لەوەش كرد، پێویستە ئەوە بزانین كە دەستوور دەقی لەسەر ئەوەیە حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتەكانی هەرێمەكان و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت پێكەوە هەڵدەستن لەداڕشتنی سیاسیەتی ستراتیژی پێویست بۆ گەشەپێدانی سامانی نەوت و غاز، كە بتوانرێ زۆرترین قازانج بەگەلی عێراق بگات، بەپشت بەستن بەنوێترین تەكنیكەكانی بەبازاڕخستن و هاندانی وەبەرهێنان.

جەختی لەوەش كردەوە كە ئێمە لەحكوومەنی ناوەندی بەرپرسیار نین لەشكستی حكوومەتی ناوەندی لەپێشخستنی ستراتیژیەتی نەوت و رێگەش نادەین كە ئەنجامەكانی ئەو شكستە بەسەرماندا بەسەپێنرێ، كورد دەیەوێ ستراتیژیەتی نەوت گەشەپێ بدات بۆ بەرەوپێشبردنی عێراق، چونكە پارەی نەوت تایبەتە بەپێشخستنی وڵات و خزمەتی نەوەكانی.

زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ حكوومەتی ناوەندی نەوتی نەناردووەتە دەرەوە، بەڵكو گفتوگۆی لەگەڵ كردووە سەبارەت بەدۆسیەی نەوت و بەردەوامیش دەبێ لەو گفتوگۆیانە، لێرەوە ئەو هەڕەشلنەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروبارەی نەوت و وزە بێ بنەما دەبینین بووەتە شێوازێكی كۆن لەهەڕەشە كردن كە زەمەنی بەسەرچووە لەكاتی لەناوچوونی بەعسەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار